لەگەڵ بەرەوپێشچوونی گفتوگۆی لایەنە كوردییەكان ئەندامێكی ئەنەكەسە كوژرا

:: PM:12:08:20/01/2025 ‌
ئەندامێكی ئەنەكەسە ئەمڕۆ لە سنووری ترپەسپی بەشێوەیەكی گوماناوی كوژراوە، كادرێكی ئەنەكەسەش دەڵێت: گومان دەكرێت بۆ تێكدانی ناوماڵی كورد ئەو كارە كرابێت.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەم 20ی 1ی 2025، لە شارۆچكەی  ترپەسپی  كەسێك بە ناوی ئیسماعیل فەتاح كە ئەندامی ئەنەكەسەیە، لە دۆخێكی گوماناویدا كوژرا.

ئەسمەهان داود یەكێك ئەندامەكانی ئەنەكەسە رای گەیاند، ئەمڕۆ كادر و تێكۆشەری دێرین ئیسماعیل فەتاح دوای كوژرانی، تەرمەكەی فڕێ دراوە، لە كاتێكدا ئەندامی ناوخۆی ئەنەكەسە بووە لە قامیشلۆ.

ئەو ئەندامەی ئەنەكەسە ئەوەشی گوتووە،  ئیسماعیل فەتاح لە رۆژی پێنجشەمەوە رفێنراوە. دوای رفاندنەكەشی ئەنەكەسە پیێوەندیی بە نووسینگەی مەزڵووم عەبدییەوە كرد، ئەوان گوتیان ئێمە پرسیومانە بەڵام لای ئێمە نییە، لە ‌رێگەی "گركێ لەگێ" ویستوویەتی بێت بۆ قامیشلۆ، لەوێ رفێنراوە. 

ئەم ئەندامەی ئەنەكەسە پێشتر لەلایەن هێزەكانی قەسەدە و پەیەدەوە چەند جارێك  گیراوە.

ئەنەكەسە بەفەرمی داوای لە دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان كردووە، لێكۆڵینەوە بكەن و ئەنجامەكەی بخەنەرووِ و گومانەكان بڕەوێننەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە لایەنە كوردییەكان خەریكی گفتوگۆ و یەكخستنی ناوماڵی كوردن، لەمبارەیەشەوە سەرۆك بارزانی دەستپێشخەریی كرد و نوێنەری خۆی ناردە لای بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان و هاوكات مەزڵووم عەبدیش هاتە هەولێر، بەڵام گومان دەكرێت  هەندێك لایەن نەیانەوێت ئەم پڕۆژەیە سەربكەوێت.



وشە - سۆران عەزیز