مەسروور بارزانی: هەوڵی ئێمەی كورد ئەوەیە رۆڵێكی ئەرێنی ببینین لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە

:: PM:11:22:20/01/2025 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانی ئاهەنگی كردنەوەی "ماڵی كوردستان" كە سەركۆماری عێراق و چەندان وەبەرهێنەری كورد تیایدا ئامادەبوون، گوتارێكی پێشكەش كرد. لە گوتارەكەیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە ئەمە دووەم ساڵە بەناوی ماڵی كوردستان بەشداری لە كۆڕبەندی داڤۆس دەكەن، هاوكات بەبۆنەی دەستبەكاربوونی ترەمپیشەوە باسی لە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا كرد، هیوای خواست كە ئەمەریكا یارمەتیدەری كوردستان بێت لە پاراستنی هەرێمەكە. لەبارەی دۆخی ناوچەكەیش و گۆڕانكارییەكانیشەوە گوتی، هەوڵی ئێمەی كورد ئەوەیە رۆڵێكی ئەرێنی ببینین. 

لە سەرەتای گوتارەكەیدا سەرۆكی حكوومەت گوتی، جێگەی خۆیەتی لێرە یادی برای شەهیدمان، شەهید پێشڕەو بکەینەوە کە پارساڵ بەنیاز بوو لەگەڵ ئێمە بەشدار بێت، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێک کە هاتە پێشی، نەیتوانی بەشدار بێت، کەچی بەداخەوە بەشێوەیەکی ستەمکارانە شەهید بوو، ئێمە یادی بەرز ڕادەگرین و خۆشحاڵم ئەمساڵ کاک ڕۆژی کوڕی شەهید پێشڕەو دزەیی لەگەڵ ئێمە بەشدارە، پشتیوان بەخوا شوێنی باوكی پڕ دەکاتەوە.

مەسروور بارزانی لە گوتارەكەیدا ئەوەیشی ئاماژە پێدا، زۆر خۆشحاڵین بەناوی ماڵی کوردستان بەشداریی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان دەکەین لە داڤۆس، چەندان ساڵە بەشداریی ئەو کۆڕبەندە دەکەین. گوتیشی: ئەمە دووەم ساڵە ماڵی کوردستانمان لە داڤۆس دورست کردووە.

مەسروور بارزانی سوپاسی ئەوانەیشی کرد كە ڕۆڵیان هەبووە لە دروستکردنی ماڵی کوردستان لە داڤۆس، وەك ئاماژەی پێ كرد بەتایبەتی خالید خۆشناو کە ئەرکی کێشاوە بۆ دروستکردنی ماڵی کوردستان لە داڤۆس.

لەبارەی ماڵی كوردستانەوە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گوتی، ماڵەكە بووەتە جێگیەک بۆ خەڵکی کوردستان و هیواش دەخوازم كە هەرێمی کوردستان ببێتە دەروازەیەک بۆ عێراق و ناوچەکە، بۆ ئەوەی بتوانین پێشکەوتنی ئابووری لە ناوچەکە پەرە پێ بدەن.

لە تەوەرێكی تری قسەكانیدا مەسروور بارزانی ئاماژەی بە رێوڕەسمى سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ دا و گوتی، بۆ ئەمەریکا ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، پێش چەند سەعاتێک سەرۆک ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بووە سەرۆکی ئەمەریکا، لێرەوە بەناوی هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک ترەمپ دەکەین بۆ ئەوەی جارێکی تر گەڕایەوە کۆشکی سپی و بووەوە سەرۆکى ئەمەریکا، هیوادارین بتوانین پێوەندییە ستراتیجییەكانی خۆمان لەگەڵ ئەمەریکا پەرە پێ بدەین و وەکو هاوپەیمانێک بەردەوام بین لەوەی کە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە پەرە پێ بدەین و بیپارێزین.

زیاتر گوتی، هیوادارین ئەمەریکاش زیاتر یارمەتی ئێمە بدات لە عێراق و بەتایبەت لە کوردستان لە پاراستنی هەرێمەکەمان، هەروەها لە ڕووی پێشخستنی ئابووریی هەرێمەکەمان.

لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەیشەوە، مەسروور بارزانی گوتی، چەندان بابەتی گرنگ ئێستە لە ناوچەکە هەن و گۆڕانکاریی خێرا لە ناوچەکە ڕوو دەدەن، وەک ئەو گۆڕانکارییەی لە سووریا بووە، ئەمە وای کردووە خەڵکی ئێمە چاوەڕێ بێت بزانێت ئەو گۆڕانکارییە بەرەو کوێ دەچێت.

مەسروور بارزانی زیاتر لەبارەی گۆڕانكارییەكانی سووریاوە گوتی، ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی لە کێشەکان تێوە نەگلێین، بەڵام ئەگەر بتوانین ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینین لە باشترکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، درێخی ناکەین و هەر لەو ڕوانگەیەوە چەندان دیدار و سەردانمان کردووە بۆ وڵاتانی دەوروبەری دراوسێی عێراق، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ڕۆڵێکی خێر بگێڕین لەوەی کە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە بمێنێت و خوانەخواستە کێشە و گرفتەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی ئێمە نەکات.

گوتیشی، خۆمان ئەوەی پێمان دەکرێت بیکەین وەکو هۆکارێکی خێر بۆ خۆمان، بەشێک بین لەو گۆڕانکارییە باشانەی کە پێویستە لە ناوچەکەدا ڕوو بدەن، ئەوەش لە هیچ شتێك باشتر نییە کە ئێمە لە کوردستان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ و یەکڕیز بین.

سەرۆكی حكوومەت ئەوەیشی ئاشكرا كرد، هەوڵی رژد هەیە لەناو کوردستان کە ئێمە بیر و بۆچوونەکان لە یەکتر نزیک بکەینەوە، بەڵام لە سووریاش لەسەر بانگهێشتی سەرۆک بارزانی، مەزڵووم عەبدی سەردانی هەولێری کرد، هەروەها لەگەڵ لایەنەکانی تری کوردستان لە سووریا قسەی کردووە کە بەیەکەوە بتوانن یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بنوێنن، هاوکات بەیەکەوە داوای مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا مەسروور بارزانی گوتی، ئێمە هیوادارین بگەنە ئەنجامێک لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ لە سووریا، بەڵکو خەڵکی کوردستان لە ڕۆژئاوا بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەن، بەڵکو بتوانین دۆخێکی نوێ بۆ خەڵکی کوردستان لە ناوچەکە دروست بکەین.


وشە - پۆڵا مەحموود