بەگوێرەی زانیاریی پێگە هەواڵییە عێراقییەكان، ئەوانەی هەستاون بە كوشتنی سەلوان مۆمێكا دوو عێراقین، بەڵام تا ئێستە پشتڕاستكردنەوەی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سویدەوە بۆ ئەمە نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی كانوونی دووەمی 2025، ماڵپەڕی "بەغداد یەوم" كە ئاژانسێكی هەواڵی عێراقییە بڵاوی كردووەتەوە، بەگوێرەی زانیارییە وەدەستهاتووەكانمان، دوو گەنجی عێراقی بەرپرسن لە كوشتنی سەلوان مۆمێكا لە شوقەكەی، كە یەكێكیان خەڵكی موسڵە و ئەوی تریش خەڵكی فەلوجەی ئەنبارە.
دوێنێ چوارشەم، سەلوان مۆمیكا لەوكاتەی خەریكی لایڤێكی تیكتۆكە، لە پەنجەرەی شوقەكەیەوە كەسێك دەچێتە ژوورەكەی و دەیكوژێت و لایڤەكە بە كراوەیی دەمێنیتەوە بۆ ماوەی سەعاتێك، تا ئەوكاتەی پۆلیس دەگەن و لایڤەكە دادەخەن.
جێگەی باسە، لە دوایین ڤیدیۆی مۆمیكا كە لە پێگەی كۆمەڵایەتی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێ: من شانازی بەخۆمەوە دەكەم و پەشیمانیش نیم لەوەی كە كردم.