ڕاسمۆس ئۆمان، داواكاری گشتی لە سوید ڕای گەیاند، ئەو پێنج تۆمەتبارەی بە لەسەر كەیسی كوشتنی سەلوان مۆمیكا گیرابوون، هەموویان ئازاد كران.
ئەمڕۆ هەینی، ڕاسمۆس ئۆمان لە بەیاننامەیەكدا گوتی، تەواوی ئەو پینج كەسەی بە تۆمەتی كوشتنی سەلوان مۆمیكا لە سودرتالیا گیرابوون، ئازاد كران، چونكە گومانەكانی سەریان لاواز بوو، بۆیە هیچ بیانوویەك نەمابوو بۆ زیاتر دەستەبسەركردنیان، وێڕای ئەوەی هێشتا گومان ماوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوام دەبێت.
پێشتر میدیاكانی سوید ڕایان گەیاندبوو كە پێنج تۆمەتبار لەسەر ئەو كەیسە گیراون كە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 60 ساڵە و سەرجەمیان لە شاری سۆدرتالیا دەژین و نزیكن لە شوێنی تاوانەكە.
سەلوان مۆمیكا، گەنجێكی عێراقیی تەمەن 38 ساڵ بوو، بەوە ناسرابوو كە قورئانی دەسووتاند و سووكایەتی بە ئایینی ئیسلام دەكرد.