راپۆرتێكی ئه‌مه‌ریكی بڵاو كراوه‌ته‌وه كه رۆشنایی ده‌خاته سه‌ر دۆخی دوای رووخانی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی هه‌ڵاتووی سووریا و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌رفه‌تێكی گرنگیان كه‌وتووه‌ته پێش له بنیاتنانه‌وه‌ی سووریای نوێ كه له رووی جیۆسیاسی ناوچه‌كه رۆڵی گرنگ ده‌بینێت.
پێگه‌ی "
شه‌فه‌ق نیوز" ئه‌و راپۆرته‌ی بڵاو كردووه‌ته‌وه كه په‌یمانگه‌ی "ستیمسۆن"ی ئه‌مه‌ریكی كردوویه‌تی و ئاماژه‌ی داوه، له دوای رووخانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له سووریا و كۆنترۆڵكردنی ده‌سته‌ی ته‌حریر شام به‌سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌حمه‌د شه‌رع له‌و وڵاته، ئێسته ده‌رفه‌تێك هاتووه‌ته كایه‌وه بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه ده‌توانن سوود له دۆخه‌كه وه‌ربگرن، چونكه له‌ڕووی مێژوویی و جیۆگرافی و ئابوورییه‌وه هه‌ردوو وڵاته پێوه‌ستبوونیان هه‌یه، بۆیه ده‌بێ عێراق و كوردستان رۆڵی گرنگ له بنیاتنانه‌وه‌ی سووریای نوێ ببینن، نه‌ك هه‌ر له دووره‌وه چاودێریی دۆخه‌كه بكه‌ن.
راپۆرته‌كه باس له‌وه ده‌كات كه گواستنه‌وه‌ی رژێمی داپڵۆسێنه‌ر له سووریا و گۆڕینی بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی نوێ، له‌ڕووی مێژووییه‌وه زۆر ئه‌سته‌م بوو و وڵاته‌كه تووشی ئاڵنگاریی ناوخۆیی ده‌ره‌وه‌یش كردووه، چونك رووخانی رژێمه‌كه زۆر به خێرایی بووه و هاوكات ئه‌وه‌ی له‌و وڵاته ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌ته ده‌ست "ده‌سته‌ی ته‌حریر شام"، ئه‌گه‌ر به وریایی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه نه‌كرێت، ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه وڵاته‌كه تووشی شه‌ڕی ناوخۆیی ببێته‌وه و ئه‌وه‌یش كاریگه‌ریی بۆ ده‌ره‌وه‌یشی ده‌بێت.
راپۆرته‌كه داوا له لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی و به‌تایبه‌تی له عێراق ده‌كات، ده‌رفه‌تێكی گرنگ له به‌رده‌میاندایه تا رۆڵ بگێڕن له بنیاتنانه‌وه‌ی سووریای نوێ و ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته ده‌ست كه ته‌حریر شامه، ئه‌وه‌یش ده‌بینرێت كه ددانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌یه و داوا هه‌ڵگرتنی سزاكانی سه‌ر سووریا ده‌كرێت، هاوكات رۆڵ ده‌گێڕن له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه، بێگومان ئه‌وه‌یش به حكوومه‌تێكی عه‌داله‌تخواز ده‌كرێ، به‌رانبه‌ر به پاڵپشتیی له‌و ده‌سه‌ڵاته، داوا ده‌كرێ سزاكانی سه‌ر سووریا كه‌متر بكرێنه‌وه یان هه‌ڵبگیرێن كه له به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی سووریا و ئابوورییه‌كه‌یه‌تی.
له‌وباره‌یه‌وه راپۆرته‌كه دووپات ده‌كاته‌وه، عێراق كه دراوسێی سووریایه، له‌وباره‌یه‌وه ده‌توانێ رۆڵی كارا بگێڕێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێسته ده‌بینرێت به وریاییه‌وه ته‌ماشای دۆخه‌كه ده‌كات، بۆیه ده‌بێ عێراق له‌ڕووی ستراتیجییه‌وه سه‌یری دۆخه‌كه بكات و ئه‌و ترسه‌ی هه‌یه‌تی بیڕه‌وێنێته‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی عێراق وه‌ك زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا، به رووخانی به‌شار ئه‌سه‌د به‌و خێراییه تووشی شۆك بوون، به‌ڵام ده‌بێ عێراق خۆی له‌و ترسه‌ی له سووریا هه‌یه‌تی، رزگار بكات و رۆڵی هه‌بێ له بنیاتنانه‌وه‌ی سووریای نوێ.
راپۆرته ئه‌مه‌ریكییه‌كه ئاماژه‌ی داوه كه محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌گه‌ڵ رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د، به خێرایی كۆنترۆڵی سنووری وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سووریا كرد و مه‌ترسیی له ململانێی ناوخۆی ئه‌و وڵاته هه‌بوو. له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌شێك له حزبه شیعییه‌كانی عێراق له سه‌ره‌تاوه ره‌تیان كرده‌وه بۆ پاڵپشتیی له ئه‌سه‌د هێز بۆ ئه‌و وڵاته بنێرن، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌و واتایه نایه‌ت كه مه‌ترسییان له دۆخی ناوخۆی سووریا نه‌مابێت، بۆیه تا ئێسته‌یش به وریاییه‌وه ته‌ماشای دۆخه‌كه ده‌كه‌ن.
بۆ ئه‌وه‌یش راپۆرته‌كه دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه ته‌واوی سه‌نجه‌كانی عێراق له‌سه‌ر بواری ته‌ناهییه، چونكه ئه‌وانه‌ی ئێسته له سووریا ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته ده‌ست و له‌ناویاندا ته‌حریر شام و سه‌رۆكه‌كه‌یان ئه‌حمه‌د شه‌رع، ره‌گێكی پته‌ویان له‌گه‌ڵ قاعیده و رێكخراوی تیرۆریستی داعش هه‌بوو، ئه‌و رێكخراوانه‌ی ساڵانێكی زۆر زیانی كوشنده‌یان له عێراق داوه و تا ئێسته‌یش هه‌ڕه‌شه‌یان هه‌یه. هه‌روه‌ها گیراوانی داعش كه ئێسته له گرتووخانه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سووریا، زۆربه‌یان عێراقین و تا ئێسته‌یش هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر عێراق، بۆیه عێراق به وریاییه‌كی زۆره‌وه ده‌ڕوانێته مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی نوێی سووریا.
راپۆرته‌كه دووپات له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه هاوئاهه‌نگییه‌كی رێكخراو له نێوان ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانی عێراق و سووریا هه‌یه له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش و پارێزگاری له سنووره‌كان، وێڕای ئه‌وه‌ی عێراق له‌ڕووی دیپلۆماسییه‌وه له‌گه‌ڵ سووریای نوێ زۆر دوا كه‌وتووه، له كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، زووتر ئه‌و پێوه‌ندییه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سووریا دروست كرد، هاوكات هاوكاریی مرۆییان بۆ ئه‌و وڵاته دابین كرد، وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانیش به‌هه‌مانشێوه، له‌ناویاندا سعوودیه كار بۆ ئه‌وه ده‌كات سزاكانی سه‌ر سووریا هه‌ڵبگیرێن. قه‌ته‌ریش پاڵپشتی له لیره‌ی سووری ده‌كات تا ده‌سه‌لاته نوێیه‌كه بتوانێ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی وڵاته‌كه دابین بكات.
راپۆرته‌كه ئه‌وه‌یش ده‌ڵێ كه وێڕای مه‌ترسییه‌كانی عێراق به‌رانبه‌ر به دۆخی ئێسته‌ی سووریا، به‌ڵام رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د، ده‌رفه‌تێكی گرنگی هێناوه‌ته كایه‌وه بۆ عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه، تا بتوانن هوكار بن بۆ ده‌وڵه‌تێكی نوێ كه بتوانێ هه‌موو نه‌ته‌وه و لایه‌نه‌كان له به‌ڕێوه‌بردی رۆڵی كارایان هه‌بێت و ئه‌گه‌ر 100% دیموكراتیش نه‌بێت، به‌لای كه‌مه‌وه ببێته وڵاتێك كه ئاشتی تێیدا به‌رقه‌رار بێت بۆ خۆی و دراوسێكانی.
راپۆرته‌كه باس له‌وه ده‌كات كه عێراق له دوای رووخانی سه‌دام حوسێن له 2003، تووشی زۆر كێشه بووه‌وه به‌تایبه‌تی له‌ڕووی تایفی و سیاسییه‌وه، هه‌روه‌ها له 2011وه كه راپه‌ڕین له دژی رژێمی سووریا به‌رپا بوو، عێراق پاڵپشتیی له رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د كرد، هاوكات ئۆپۆزسیۆنی سووریا داعش و به‌ره‌ی نوسره و لایه‌نه سه‌له‌فییه‌كانی جیهادیی، مه‌ترسیی رژد بوون بۆ سه‌ر عێراق، بۆیه تا ئێسته‌یش عێراق پێی وایه ئه‌وه مه‌ترسییه‌ی له‌سه‌ر ماوه. ته‌نیا هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت كه له‌و ماوه‌یه پێشوازیی له په‌نابه‌ره سوورییه‌كان كرد و رۆڵی هه‌بوو كه رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هاوكاریی مرۆیی بگه‌یه‌ننه باكوری رۆژهه‌ڵاتی سووریا.
راپۆرته‌كه رۆشنایی ده‌خاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه ده‌توانێ رۆڵی زۆر گرنگ له ستراتیجی عێراق له دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د بگێڕێت. ئاماژه‌ی به حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كورد كردووه كه پێوه‌ندیی زۆر به‌هێزیان له‌گه‌ڵ هێزه كوردییه‌كانی سووریادا هه‌یه. مه‌به‌ستیانه كوردی سووریا له‌و ده‌سه‌ڵاته نوێیه بگه‌نه مافه‌كانی خۆیان وه‌ك خودموختاری كه ئه‌وان رۆڵی كارایان هه‌یه له نه‌هێشتنی داعش و رێگه ناده‌ن دووباره سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه.
راپۆرته‌كه ئه‌وه‌ش ده‌ڵێ، له‌باره‌ی بۆچوونی جیاواز له‌ناو حزبه كوردییه‌كانیش ئاسته‌نگێكی تر بوو له به‌رده‌میان تا بتوانن سه‌رجه‌میان به یه‌كگرتوویی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا بكه‌ونه ناو گفتوگۆوه، به‌ڵام دوا كۆبوونه‌وه‌ی نێوان مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و مه‌زڵووم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له شاری هه‌ولێر، وایكرد هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌ش دروست بكه‌ن و بتوانن كوردی سووریا به یه‌كگرتوویی بكه‌ونه ناو گفتوگۆ بۆ داواكردنی مافه‌كانیان.
باس له كۆبوونه‌وه‌كانی داڤۆسیش ده‌كات كه له‌وێ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌سعه‌د شیبانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا كۆبوونه‌وه و ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه به ئه‌رێنی و پێویست باسی له‌سه‌ر كرا كه بۆچوونه‌كانیان له یه‌كتره‌وه نزیك بوون.
راپۆرته‌كه به‌وه كۆتایی پێ هێناوه كه گۆڕانكارییه گه‌وره‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وایكرد میحوه‌ری مقاوه‌مه كه ئێران سه‌رپه‌رشتیی ده‌كات، به‌ته‌واوی لاواز بووه، بۆیه ده‌رفه‌ت بۆ حكوومه‌تی عێراق هاتووه‌ته كایه‌وه كه بتوانێ ستراتیجێك به‌رانبه‌ر به سووریا پێڕه‌و بكات، وا بكات مه‌ترسییه مه‌شرووعه‌كانی له‌سه‌ر نه‌مێنێت، به‌جۆرێك سه‌قامگیریی سووریا و ئاسایشی نیشتمانییه‌كه‌ی، له سوودی عێراقدایه.
كێشه‌ی سووریا له ساڵی 2011ه‌وه ده‌ستی پێ كرد كه خۆپێشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌كه له‌و وڵاته ده‌ستی پێ كرد و مه‌به‌ستی ئۆپۆزسیۆنیش رووخانی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بوو. دواتریش رووسیا و ئێران به روونی هاتنه سه‌ر خه‌ت و پاڵپشتیی رژێمه‌كه‌یان كرد و له رووخان رزگاریان كرد، به‌هۆیه‌وه سه‌تان هه‌زار كه‌س كوژران و میلۆنانی تریش ئاواره بوون و وڵاته‌كه‌یان جێهێشت. ئێسته‌یش ئۆپۆزسیۆن به پاڵپشتی توركیا ئه‌و وڵاته‌ی كۆنترۆڵ كردووه.
چه‌كدارانی ده‌سته‌ی ته‌حریر شام و گرووپه هاوپه‌یمانه‌كانی كه له‌لایه‌ن توركیاوه پاڵپشتی ده‌كرێن، له 26ی تشرینی دووه‌مه‌وه ده‌ستیان به هێرشێكی به‌رفراوان كرد بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د، دواتریش بگه‌نه دیمه‌شق و له به‌ره‌به‌یانیی زووی هه‌شتی كانوونی یه‌كه‌می 2024 رژێمه‌كه‌یان رووخاند، به‌شار ئه‌سه‌د و خێزانه‌كه‌ی سووریایان به‌ره‌و رووسیا جێهێشت و هه‌ڵاتن.