توێژەرێكی كورد رێگەیەكی نوێ بۆ پشكنینی خوێن دەدۆزێتەوە

:: PM:10:12:03/02/2025 ‌

لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئووف بەگی شارەزوور، توێژەرێك رێگەیەكی نوێی پشكنینی خوێن دەدۆزێتەوە و دەبێتە توێژینەوەیەكی نایاب و خزمەتێكی گەورە بۆ هاووڵاتیان، وەك خۆی باسی دەكات، رێژەی سەركەوتنی رێگەكە گەیشتووەتە 100%، ئەم دۆزینەوەش بە تایبەتی بۆ ئەو شوێنانە گرنگە كە حاڵەتی لەناكاویان هەیە.

لەمبارەیەوە د. سوهەیب حوسێن كاكەمەد بە "وشە"ی رایگەیاند، دوای حەوت ساڵ لە توێژینەوە، رێگەیەكی نوێم بۆ پشكنینی خوێن دۆزیوەتەوە، كە پێویستی بە بەكارهێنانی مادەكانی Anti Human Globulin و Bovine serum نییە.

روونی كردەوە، لە توێژینەوەكەدا  ئەوەم سەلماندووە كە لابردنی ئەم دوو مادەیە لە پرۆسەی پشكنینی خوێندا، هیچ كاریگەری لەسەر پرۆسەكە نابێت و هەمان ئەنجامی دەبێت، بە تێچوو و كاتێكی كەمتر، بەمەش دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت لە باری نائاسایی "فریاگوزاری" و لە كاتی نەبوونی كەرەستەی پێویستدا، واتە نەخۆش هەم پارە و هەم كاتێكی بەرچاوی بۆ دەگەڕێتەوە.

ئەو پزیشكە ئاشكرای كرد، لە ماوەی توێژینەوەكەمدا زیاتر لە 31 هەزار نموونەی خوێنم تاقی كردووەتەوە، ئەنجامی توێژینەوەكە دەری خستووە كە رێگە نوێیەكە هەمان ئاستی سەلامەتی هەیە وەك رێگە كۆنەكە، رێژەی سەركەوتنیشی گەیشتووەتە 100%، ئەم دۆزینەوەیە بە تایبەتی بۆ ئەو شوێنانە گرنگە كە حاڵەتی لەناكاویان هەیە.

د. سوهەیب حوسێن كاكەمەد خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە شیكاری خوێن، ئێستە قوتابی دكتۆرایە و لە ئێران و لە شارۆكەی شارەزوور دادەنیشێت، هاوكات كارمەندێكی بانكی خوێنە لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئووف بەگی شارەزوور.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل