بەهۆی راگەیاندنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ هەشت گەڕەكی تری هەولێر، خاوەن مۆلیدەكان ناڕازین و گلەییان هەیە لە بەشێك لەو گرێبەستەی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای هەولێر و خاوەن مۆلیدەكان كراوە و داوا دەكەن، هاوشێوەی خاوەن مۆلیدەی ئەو گەڕەكانەی سەرەتا كران بە 24 سەعاتی، دوو ملیۆن و 500 هەزار دیناری مانگانەیان پێ بدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی شوباتی 2025، وەزارەتی كارەبا رای گەیاند لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی، وەزارەتی كارەبا لە ڕێگای پڕۆژەی ڕووناكییەوە كارەبای نیشتیمانی 24 سەعاتی بۆ هەشت گەڕەكی تری شاری هەولێر دابین دەكات.
بەم هۆیەوە خاوەن مۆلیدەكانی ئەم چەند گەڕەكە نوێیە، ناڕازین و لە بەردەم بەڕێوەبەرایتی دابەشكردنی كارەبای هەولێر گردبوونەوە و ناڕازین لەو گرێبەستەی كە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای هەولێر، لەگەڵ خاوەن مۆلیدەكانی كردووە.
بەپێی گرێبەستەكە لەگەڵ خاوەن مۆلیدەكان، لە پێناو بێكارنەبوون و زەرەرمەندنەبوونیان، دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار دەدرێت بە خاوەن مۆلیدەكان و لەلایەكی تریشەوە پێیان گوتراوە لە هەر حالەتێكی پچڕانی كارەبا، كارەبا بدەنەوە.
بەپێی قسەی خاوەن مۆلیدەكان، ئەو گەڕەكانەی كە سەرەتا كرابوون بە كارەبای 24 سەعاتی، دوو ملیۆن و نیو تا ئێستەیش دەدرێت بە خاوەن مۆلیدەكان، بەڵام بۆ ئەم گەڕەكە نوێیانە بۆ هەزار ئەمپێر یەك ملیۆن دینار دیاری كراوە و بەپێی قسەی ئەوان ئەم بڕە پارە كەمە و بەشیان ناكات.
ئەو گەڕەكە نوێیانەی كە كارەبایان كرایە 24 سەعاتی بریتین لە گەڕەكەكانی (كوران، ڕزگاری، كوردستان، بەهار، كرێكاران، ئازادی، ماجیداوە و ڕاستی) کە زیاتر لە 28 هەزار هاوبەشی كارەبا لەخۆ گرتووە.
وەزارەتی كارەبا بڵاوی كردەوە، پێشتر گەڕەكەكانی (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری و سەربەستی) بە 22 هەزار هاوبەشەوە كرابوونە 24 سەعاتی و بەم شێوەیە بەكۆی گشتی 50 هەزار هاوبەش لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند دەبن.
هاوتەریب لەگەڵ شاری هەولێر، كارە تەكنیكییەكان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك دەستی پێ كردووە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا چەند گەڕەكێك لەو پارێزگایانەش دەكرێن بە كارەبای 24 سەعاتی.