ئەمڕٍۆ خانەنشینی سەربازی مووچە بەهاوتاكراوی وەردەگرن

:: AM:09:46:06/02/2025 ‌
هەموو ئەوانەی لە بواری سەربازی لە دوای ساڵی 2014ەوە خانەنشین بوون، ئەمڕۆ مووچەی مانگی یەك بە هاوتاكراوی وەردەگرن.

شێخ عەزیز عەلی بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی، بە"وشە"ی گوت، چاوەڕێی ئەوە نەبوون بەمزووانە مووچەكانی خانەنشینیی سەربازی هاوتا بكرێت، بەڵام لەبەرئەوەی كاری باش كراوە، هەوڵەكان زوو هاتوونەتە بەرهەم.

شێخ عەزیز ئەوەشی گوت، هاوتاكردنەكە خانەنشینیی پلەباڵاكان كەم دەكاتەوە، بەڵام پێشمەرگەی ئاسایی تا پلەی مولازم مووچەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەبێت، پێشمەرگە دێرینەكانیش كە پێشتر مینحەیەكی 100 هەزار دیناریان هەبووە، لەم مانگەوە لێیان بڕاوە.

بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە باسی لەوەش كرد، ئەو خانەنشینە سەربازییانەی لە دوای ساڵی 2014ـــەوە خانەنشین بوون، ئەمڕۆ پێنجشەم مووچەكانیان بە هاوتاكراوی وەردەگرن.

ئەمە لە كاتێكدایە تەنیا لە سلێمانی نزیكەی دوو هەزار و 500 خانەنشینی سەربازی سوومەند دەبن لەو بڕیارە.



وشە - سۆران عەزیز