بەهۆی دانانی كامێرا لە ترفیكەكان، شوفێران ئاگادار دەكرێنەوە و رێكخراوەكانی هۆشیاری بەو بڕیارە دڵخۆشن و دەڵێن، پێویستە لە سەرجەم شوێنەكانی سووڕانەوە دابنرێن.
بڕیارە سبەی هەینی 15 كامێرای چاودێریكردنی تیژڕەوی لەناو شاری هەولێر، دەست بكەن بە تۆماركردنی سەرپێچییەكان كە لە ترافیكەكان دانراون.
شوان قادر ئەندامی رێكخراوی هۆشیاری بۆ رێگەوبان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو كامێرایانە زۆر پێویستن، چونكە ئەو خێراییەی لە ترافیكەكان ئەنجام دەدرێت كەم دەبێتەوە.
زیاتر گوتی، ئەو كامێرایانە بۆ رێكخستنەوەی شەقامە بەشێوەیەكی گشتی، بە تایبەت ترافیكەكان، چونكە ئەو خێراییەی لە ترافیكەكان لە كۆتایی گڵۆپی سەوز هەبوو، رووداوی زۆری لێ دەكەوتەوە.
باسی لەوەش كرد، بوونی كامێرای لەو شێوەیە لە شوێنەكانی پێچكردنەوە زۆر پێویستە، بە تایبەت لەناو سەنتەری شاری هەولێر، لە شوێنەكانی پێچكردنەوە بێ سەروبەری زۆر هەیە و كۆنترۆڵیش ناكرێت.
لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێردا هاتووە، سبەی هەینی 7/2/2025، 15 كامێرای چاودێریی تیژڕەوی؛ كە ماوەی 10 رۆژە بەشێوەی تاقیكردنەوە كار دەكەن، دەست دەكەن بە تۆماركردنی سەرپێچییەكان.
هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، كامێراكان ئەم سەرپێچییانە تۆمار دەكەن:
– نەوەستان لە گلۆپی سووری ترافیكلایت.
– لێخورین بە خێرایی زیاتر لەو خێراییەی كە ڕێگەی پێ دراوە بۆ تێپەڕین لە ترافیكلایت، لەو كاتەی گڵۆپی ترافیكلایت سەوزە.
– زیاتر هاتنەپێش و تێپەڕاندنی هێڵی پەڕینەوەی پیادە، لەو كاتەی كە گڵۆپی ترافیكلایت سوورە.
– ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە رێڕەوی كراوەی سووڕانەوەی دەستەڕاستی ترافیكلایتەكان دەوەستن.
ئەو 15 شوێنەی كە كامێراكانی لێ دانراون ئەمانەن:
چوارڕیانی ئیسكان
چوارڕیانی باز
چوارڕیانی زەیتوونە
چوارڕیانی خانزادی سۆران
چوارڕیانی سێتاقان
چوارڕیانی رزگاری
چوارڕیانی نەورۆز
چوارڕیانی گوڵان
چوارڕیانی شێخی چۆڵی
چوارڕیانی جیهان
چوارڕیانی سەربەستی
چوارڕیانی مامۆستا سەعد
سووڕانەوەی 40 مەتری پێش شیرینیی عەشتار
سووڕانەوەی 40 مەتری پێش مزگەوتی جەودەت ئەسعەدی