سەرۆك مەسعوود بارزانی پیرۆزبایی لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كرد و رای گەیاند، لەو یادەدا پێزانینمان بۆ ڕۆڵ و كاریگەریی یەكگرتووی ئیسلامی و سەركردایەتییەكەی لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان و عێراق و هەڵوێستەكانیان لە وێستگە جیاجیاكاندا هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، لە پەیامێكی سەرۆك بارزانیدا بۆ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هاتووە، بەبۆنەی 31مین ساڵیادی ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، پیرۆزبایی لە برای بەڕێز مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
دەشڵێت، لەو یادەدا پێزانینمان بۆ ڕۆڵ و كاریگەریی یەكگرتووی ئیسلامی و سەركردایەتییەكەی لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان و عێراق و هەڵوێستەكانیان لە وێستگە جیاجیاكاندا هەیە. هەروەها دووپاتیش لە پێویستیی پێكەوەیی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان و دەستگرتن بە هێڵە ستراتیژییەكان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان دەكەینەوە.