هەشت هەزار پێشمەرگە پلەیان بەرز كرایەوە

:: PM:01:38:06/02/2025 ‌
وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، زیاتر لە هەشت هەزار پێشمەرگە پلە بەرزكردنەوەیان بۆ هاتووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە(2307) بە واژووی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پلەی (8168) پێشمەرگە و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە لە خشتەی ئەیلوولی ساڵی٢٠٢٤، پلەكانیان بەرز كرایەوە.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، پیرۆزبایی لە سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دەكەم. هیوادارم سەركەوتووبن و بەردەوام بن لە ئەركی پیرۆزی پێشمەرگایەتی و پاراستنی خاك و ئاڵا و خەڵكی كوردستان. 

ئاماژە بۆ ئەوەش كردووە، لە سەرەتای دەستبەكاربوونمان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە پشتیوانی سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، توانیومانە پلەبەرزكردنەوەی پێشمەرگە و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە بخەینە سەر ڕێچكەی ئاسایی و یاسایی خۆیی، لە پاڵ ئەوەشدا دابینكردنی مافەكانی پێشمەرگە و باشتركردنی ژیان و گوزەرانیان، لە ئەولەوییەتی كاری وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی چاكسازییە. 




وشە - رامیار جەواد