بڕیارە هەفتەی داهاتوو دابەشكردنی زەوی دەست پێ بكات، لە یەكەم هەنگاویشدا فەرمانبەرانی پەروەردە و تەندروستی و چەند وەزارەتێكی تر سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە سەرچاوەیەكی باڵا دەستی كەوتووە، هەفتەی داهاتوو زیاتر لە 200 هەزار فەرمانبەر ناویان دەگەڕێتەوە كە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی.
ئەوەش بۆ "وشە" ئاشكرا كراوە، دوو بۆ سێ وەزارەت ناویان لە لیستەكەدا نییە وەك ئەوقاف و كشتوكاڵ و چەند شوێنێكی تر، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كارەكانیان تەواو نەبووە.
لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەی دەوروبەری هەولێرن و هێشتا زەوییان وەرنەگرتووە، ئەو سەرچاوەیە گوتی، لەو وەجبەیە بەشی زۆری فەرمانبەران سوودمەند دەبن و ناوی ئەوانیش لە لیستەكەدا هەیە.
روونی كردەوە، هەفتەی داهاتوو ناوەكان دەگەڕێنەوە بۆ شارەوانی و دوای پەسندكراوی لە ئەنجوومەنی وەزیران، هەرە شارەوانییەك لە سنووری خۆی دەست دەكات بە ئەنجامدانی تیروپشك بۆ فەرمانبەرانیان بەپێی ئەو زەوییەی بۆیان دیاری كراوە.
"زیاتر لە 20 هەزار فەرمانبەر ناوەكانیان قبووڵ كراوە بۆ ئەوەی زەوی وەربگرن، دوای ئەوانیش جارێكی تر ئامادەكاری دەكرێت بۆ ناوی تر"، ئەو سەرچاوەیە بۆ "وشە" وای گوت.