دوای ئەوەی وریا حەمەكەریم بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەست دا، دەركەوت ئەو بارهەڵگرەی رووداوەكەی دروست كرد، باری قاچاخی پێ بووە و پێشێلی یاسایشی كردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، بەختیار قادر ئەندامی ئەنجوومەنی جووتیارانی پێنجوێن، لە عەلوەی سلێمانییەوە بە میدیاكانی راگەیاند، ئەو بارهەڵگرەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكەی وریا حەمەكەریم تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە، تەماتەی قاچاخی پێ بووە.
زیاتر گوتی، لۆرییەكە بارێكی قاچاخی تەماتەی پێ بوو، ئەوەش پێشێلكاریی یاسا و بڕیاری قەدەغەی هاوردەی تەماتەیە.
ئەوە لە كاتێكدایە بەپێی بڕیارێكی 14 ڕۆژ پێش ئێستەی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ، هاوردەی تەماتە قەدەغە بووە، ئەو رووداوەش ئەو راستییەی ئاشكرا كرد كە هێنانی باری قاچاخ لە سنووری یەكێتی بەردەوامە و هەرچی كاری نایاساییە دەكرێت.
بەیانیی ئەمڕۆ میدیاكانی سلێمانی باسیان لەوە كرد كە ڕووداوی هاتوچۆكە ڕووداوێكی ئاسایی بووە، بەڵام زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و چالاكان گومانیان لەو ڕووداوە هەیە.