نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نوێنەری سەرۆكی ڕووسیا كۆبووەوە

:: PM:03:46:06/02/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری سەرۆكی رووسیا كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەیەكدا برەودان بە پێوەندییەكانی ڕووسیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، وەبەر‌هێنانی ڕووسی لە هەرێمی كوردستان، دۆخی سووریا و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە میخائیل بوگدانۆڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا برەودان بە پێوەندییەكانی ڕووسیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، وەبەر‌هێنانی ڕووسی لە هەرێمی كوردستان، دۆخی سووریا و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ كرد.

نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتكردنەوە لە خواستی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ ڕووسیا، ئاماژەی بە ئامادەیی و ڕۆڵی كۆمپانیا ڕووسییەكان لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بواری هاریكاریی وزەدا كرد. هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ ڕووسیا دووپات كردەوە كە لە كاتە سەختەكاندا، یارمەتیی هەرێمی كوردستانی داوە.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا، هەروەها باسیان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان كرد. 

لەبارەی دۆخی سووریاش پشتیوانیی خۆیان بۆ ئارامی و سەقامگیری لە وڵاتەكە دەربڕی و دووپاتیان لە پاراستنی مافەكانی كورد و تەواوی پێكهاتەكان لە سووریا كردەوە. هەر لەمبارەیەوە تیكشیان خستە سەر هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لە عێراق و سووریا و داكۆكییان لە گرنگیی ڕێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی كرد.

پێوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش‌، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.



وشە - رامیار جەواد