سەرۆكی حكوومەتی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتیی سەرۆكی ڕووسیا كرد

:: PM:05:10:06/02/2025 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە نوێنەری تایبەتیی سەرۆكی ڕووسیا كرد و بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆكی حكوومەتی بۆ مۆسكۆ كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی ڕووسی بە سەرۆكایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا ئاڵوگۆڕ كرا.  

نوێنەری تایبەتیی سەرۆكی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی هەرێمی كوردستان و پێوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد، دووپاتی لە گرنگیی بەهێزكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە.  نوێنەری تایبەتیی سەرۆكی ڕووسیا، هەروەها بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆكی حكوومەتی بۆ مۆسكۆ كرد.

سەرۆكی حكوومەت، خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پێوەندیی دوولایەنە دووپات كردەوە، لە تەوەرێكی ترى دیدارەكەدا، دووپات لە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ كرا، لەم ڕووەوە هەمواركردنی یاسای بودجەی فیدراڵ و ڕێكەوتن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە قەڵەم درا.

بەشێكی ترى گفتوگۆكان تایبەت بوو بە دوایین گۆڕانكارییەكانی بارودۆخی سووریا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی و مافەكانی گەلی كورد و گشت پێكهاتەكانی سووریا.


وشە - رامیار جەواد