لە دوایین كۆبوونەوەی شاندەكانی هەولێر و بەغدا، رێككەوتن لەسەر چەند بابەتێك پێوەست بە چارەسەركردنی كێشە دارایی و نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كرا، بەر لەوەش لە پەرلەمان یەكەم هەمواری یاسای بودجەی عێراق پێوەست بە نەوتی هەرێم، بە مەبەستی دەستكردن بە هەناردەكردنەوەی پەسند كرا، شارەزایەك باسی میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوتەكە بۆ بازاڕەكانی دنیا دەكات.
گۆڤەند شێروانی شارەزای بواری نەوت دەڵێت، پرۆسەكە لە پاڵنانی نەوتی خاو لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەست پێ دەكات، كۆمپانیای بە بازاڕگەیاندنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، نەوتەكە دەفرۆشێت، ئەو كۆمپانیایە ئەمباری گەورەی لە بەندەری جەیهان هەیە و لەوێوە هەناردە دەكرێت.
روونی كردەوە، بەرپرسیارەتیی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتەكە لە ناو خاكی توركیاوە دەكەوێتە ئەستۆی كۆمپانیای سۆمۆ، ئەوەش بەپێی مادەی 12ی هەمواركراوی بوجە، واتە بەرپرسیارەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەیشتنی نەوتەكە بۆ سنووری توركیا نامێنێت، كە لەوێ لەسەر سنوور و لە كاتی ئەمباركردنی نەوتەكەش لە بەندەری جەیهان بژمێر هەیە.
شێروانی ئاشكرای كرد كە هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان لە حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەكان، رێوشوێنە پێویستەكانیان تەواو كردووە و تەنیا گفتوگۆكردن لەبارەی چەند وردەكارییەك لەگەڵ لایەنی توركی ماوە بۆ دەست پێكردنی هەناردنی نەوتەكە، كە دەست پێكردنەوەی دەبێتە هۆی بەهێزكردنی ئابووریی عێراق و سەرچاوەیەكی داراییش بۆ هەرێم، كە تا ئاستێكی زۆر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن.
هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ئاداری 2023 بە بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانیی پاریس وەستا، كە بەو هۆیەوە زیانی گەورەی دارایی بە عێراق و هەرێمی كوردستان كەوت، ئەوەش وای كرد هەردوولا گفتوگۆ بكەن بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە، چاودێران پێشبینی دەكەن بە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم پێوەندییەكانی بەغدا و هەولێر باشتر دەبێت، بە تایبەتی هاریكارییان لە بواری نەوتەوە، ئێستەش گفتوگۆی چەند ورەدەكارییەك لەگەڵ توركیا ماوە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردن.
بەپێی ماڵپەڕی كوردستان24، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كردووە كە لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت راسپاردووە، ئامادەسازی بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەكان لە هەرێم بكەن، بە مەبەستی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان.
ئێستەش بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆكان، چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقن، جارێ دیار نییە شاندی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا یان شاندی ئەوان دێتە هەولێر، بەڵام هەفتەی داهاتوو پێشهاتی نوێ لەبارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەبێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێ لە زووترین كاتدا دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكرێت و پابەند بە پەسەندكردنی هەمواری یاسای بودجە دەبێت، هاوكات داهاتەكەشی دەخرێتە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدراڵییەوە.