زۆر كەس بە دەست تاڵە سپییەكانی قژیانەوە دەناڵێنن، كە رەنگە جاری وا هەبێت لە تەمەنێكی زۆر زوودا دەربكەون، چەند رێگەیەك هەن بۆ شاردنەوە یان رێگرتن لەو حاڵەتە، لەوانە بۆیەكردن یان وەرگرتنی ئەو ڤیتامین و كانزایانەی كەمییان لە لەش حاڵەتەكە دروست دەكەن، بەڵام هەندێك جۆر سەوزە هەن مادەیەكی بەسوودیان تیادایە بۆ خۆپاراستن لێوەی.
زانایان لە زانكۆی ناگۆیای ژاپۆنی گەیشتنە دۆزینەوەیەكی گەورە لەبارەی قژەوە، ئەوان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی دژەئۆكسێنەری لوتیولین دەتوانێت سپیبوونی قژ بوەستێنێت، كاتێك لە تاقیگە لەسەر مشك تاقیان كردەوە، پێیان وایە بەكارهێنانی لەسەر مرۆڤ هەمان كاریگەریی دەبێت.
لوتیولین لە سروشت لە چەندان جۆر سەوزە هەیە، وەك كەرەوز و برۆكلی و گێزەر و پیاز و بیبەر، پرۆفیسۆر ماساشی كاتۆ سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە دەڵێت، ئەنجامەكان كتوپڕ بوون، دەركەوت لوتیولین كاریگەرییەكی دەگمەنی بۆ پاراستن لە سپیبوونی قژ هەیە.
سپیبوونی قژ بەهۆی لەدەستدانی بۆیەی خانەكانە لە رەگی مووەكان بەهۆی چوونە ناو تەمەنەوە، ئەوەش وا دەكات قژێكی سپی گەشە بكات، توێژینەوەكان دەری دەخەن كە لوتیولین رێگە لەو گۆڕانكارییە دەگرێت و پارێزگاری لە رەنگی ئاسایی قژ دەكات، ئەو تەنیا كار لە رەنگی قژەكە دەكات نەك گەشەكردنی.
توێژەران پێیان وایە لوتیولین كاریگەریی لەسەر پیربوونەوە هەیە و رەنگە بگاتە ئاستی چارەسەركردنی كێشەی تریش وەك هەڵوەرینی قژ بەهۆی چوونە ناو تەمەنەوە، وەك د. تاكۆمی كاجاوا ئەندامێكی تیمی توێژینەوەكە ئاماژەی بۆ دەكات.