بۆچی رەنگی زەردێنەی هێلكە جیاوازە؟

:: PM:09:33:06/02/2025 ‌

هێلكە یەكێكە لە خۆراكە بڵاو و گرنگەكانی مرۆڤ بە بەردەوام دەیخوات، بە تایبەتی لە ژەمی بەیانیان، ئەوەی تێبینی دەكرێت زەردێنەی هێلكەكان رەنگە لە رووی رەنگیانەوە جیاواز بن، هەیانە زەرە و هەشە پرتەقاڵی، شارەزایان ئاماژە بۆ هۆكارەكەی دەكەن.

شارەزایان دەڵێت، چەند هۆكارێك بۆ ئەو جیاوازییە هەیە، ئەگەرچی هەردووكی ئاساییە، بەڵام لە بەها خۆراكییەكانیان جیاوازن، هۆكاری جیاوازیی رەنگەكانیان بۆ جیاوازیی سیستمی خۆراكی مریشكەكە و شێوازی ژیانی دەگەڕێتەوە، واتە چالاكیی مریشكەكە و ئەو ئالیكەی دەیخوات، تا چەند گەنمەشامی و رووەكە رەنگدارەكانی تیادایە، یان مێرووەكان دەخۆن، جیا لە تەمەن و تەندروستیی مریشكەكە و وەرزی هێلكەكردن.  

دەركەوتووە زەردێنەی زەرد هی ئەو مریشكانەیە كە لە خۆراكیان زیاتر پشت بە گەنمەشامی و سۆیا دەبەسترێت، ئەوانەشی گەنج دەخۆن زەردەكەیان ئاڵترە، زەردێنەی زەرد لەو مریشكانەیە كە لە ناو قەفەزی تەسك و كۆڵیت بەخێو دەكرێن و كەمتر بەر تیشكی خۆر و هەوای دەرەوە دەكەون.

هەرچی زەردێنەی پرتەقاڵییە، كە تەندروستترە، هی ئەو مریشكانەن كە خۆراكی ئاسایی دەخۆن و لە ژینگەیەكی سروشتیدا دەژین، بەڵام بە مەبەستی زیاتر فرۆشتنی هێلكەكانیان، جووتیاران دەستیان كردووە بە زیادكردنی بۆیەی دروستكراو یان سرووشتی بۆ ئالیكی مریشكەكانیان بۆ ئەوەی رەنگی زەردێنەی هێلكەی مریشەكانیان پرتەقاڵی بێت، وەك زیادكردنی گوڵ و بیبەری شیرین و هیتریش بۆ خواردنیان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل