سوودانی: لەمەودوا مووچەی مانگەكانی داهاتووی هەرێم بە رێكوپێكی دەنێرین

:: PM:10:47:06/02/2025 ‌
سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، بۆ مانگەكانی داهاتوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە رێكوپێكی دەنێرن و هیواشی خواست كە لە نزیكترین كاتدا دەست بكرێتەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم شەشی شوباتی 2025، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "ئەلشەرق"دا رای گەیاند، رێگەیەكی درێژمان بڕیوە لە چارەسەری ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق. 

سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، چەند كێشەیەكی تەكنیكی هەبوون لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و گەیشتووینەتە چارەسەر، لەم دواییانەدا و دەستمان كردووە بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی نوێی 2025. 

سوودانی لەژێر رۆشنایی ئەم رێكەوتن و چارەسەرییانەی نێوان هەردوو حكوومەتەكە، دڵنیایی دا كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە رێكوپێكی دەنێردرێت.

لەبارەی دووبارە دەستكردنەوە بە هەناردەی نەوتیشەوە، سوودانی گوتی، لەم دواییەدا گەیشتینە رێكەوتن لەبارەی هەموارێك بۆ یاسای بودجە بۆ دووبارە دەستكردنەوە بە هەناردەی نەوتی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركی، بەو هیوایەن لە نزیكترین كاتدا دەست بكرێتەوە بە هەناردەی نەوت.




وشە - پۆڵا مەحموود