بەپێی ماڵپەڕی
لایڤ ساینس، چەندان توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن، بەرکەوتنی پێشوەختە بە تۆز و خۆڵ مەترسی تووشبوون بە هەستیاری لە منداڵان کەم بکاتەوە. بە واتایەکی تر لەوانەیە ببێتە پارێزەرێک لە بەرانبەر ئەو حاڵەتانەی کە سیستمی بەرگریی لەش کاردانەوەی بێ سوودی هەیە بەرانبەر بەو مادانەی هەستیاری دروست دەکەن یان بەرامبەر بە شانەکانی جەستە خۆی.
لەگەڵ گەشەکردنی ئامێرى بەرگریی لەشی منداڵ لە ساڵەکانی سەرەتای تەمەنیدا، پێویستە سوپای خانەکانی بەرگریی لەشیش فێر ببن جیاوازی بکەن لەنێوان خانەکانی لەش و تەنی نامۆی بێ زیان، یاخود زیانبەخشی وەک ڤایرۆس و بەکتریا، پێویستە لەش فێری چۆنیەتى ناسینەوەی ئەو مادە زیانبەخشانە بێت کە دەبنە هۆی هێرشکردنە سەری.
گراهام ڕوک، مامۆستا لە زانستی زیندەزانیی پزیشکی لە زانکۆی لەندەن دەڵێت، دەرکەوتووە ئەو سیگناڵە گەردیلەییانەی کە دەبنە هۆی فراوانبوونی ئەم ڕێکخستنەی سیستمی بەرگری، بە شێوەیەکی سەرەکی لە میکرۆبەکانی ناو ڕیخۆڵەوە سەرچاوە دەگرن. ئەم کۆمەڵە میکرۆبانە پێیان دەگوترێت "مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵە" و بۆ تەندروستیی مرۆڤ پێویستن. بۆ نموونە هەندێک لەو میکرۆبانە یارمەتی بەرهەمهێنانی ئەو ڤیتامینانە دەدەن، کە لەشی مرۆڤ پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بژی، هەروەها یارمەتی هەرسکردنی خۆراک دەدەن.
ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵ یەکلا کەرەوەیە بۆ گەشەی مایکرۆبایۆمەکان، منداڵ لە کاتی لە دایک بوونیدا بەر بەکتریای سروشتی دەکەوێت (ئەگەر بە ڕێگەی سروشتی لە دایک بووبێت)، پاشانیش لە شیری دایکیانەوە و بەردەوام لەگەڵ گەشەکردنیاندا زیاتر بەرکەوتەیان هەیە بە میکرۆبەکان.
تیۆرییەک هەیە بە ناوی "گریمانەی هاوڕێ کۆنەکان" باس لەوە دەکات کە تا مەودای میکرۆبەکانی جەستە لە سەرەتای منداڵیدا بەرفراوانتر بێت، میکرۆبەکان هەمەچەشنتر دەبن و سیستمی بەرگری لە ناسینەوەی هاوڕێ لە دوژمن باشتر دەبێت. دەستەواژەى "هاوڕێی کۆن" ئاماژەیە بۆ میکرۆبی سوودبەخش کە لەسەر لەش و لەناو لەشدا دەژین بەبێ ئەوەی زیان بە تەندروستی مرۆڤ بگەیەنن.
لە فینلەندا تاقی کردنەوەیان لەسەر ئەوە ئەنجام داوە کە ئایا دەتوانرێت سیستمی بەرگریی منداڵانی شارەکان بەهۆی گژوگیا و خاکێکەوە کە لە دارستانەکانەوە وەرگیراون بەرز بکرێتەوە یان نا، بۆیان دەرکەوتووە لە ماوەی مانگێکدا ئەو منداڵانەی کە لە ناو خاک و خۆڵدا یارییان کردووە، کۆمەڵەیەکی هەمەچەشنتر لە بەکتریا بێ زیانەکان لەسەر پێستیانە، زیاتر خانەی ڕێکخەری بەرگری لە خوێنیاندا هەیە بە بەراورد بەو منداڵانەی کە لە گۆڕەپانی یاری ئاساییدا یارییان کردووە.
بەڵام پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە منداڵەکانمان لەو ناوچانە بەدوور بگرین، کە ژینگەکەی بە پاشەڕۆی زیانبەخش پیس بووە، لەوانەش پاشماوەی مادەی کیمیایی و مشەخۆری زیانبەخش.