بڕێکی زۆر لە ئاردی ساختە دەستی بەسەردا گیرا

:: AM:11:27:07/02/2025 ‌
لیژنەى چاودێریی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەسەر بریکارکان و بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئارد، بۆیان دەرکەوتووە ئەو ئاردەی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان، لەگەڵ ئاردی سفر تێکەڵی دەکەن و بە گران دەیفرۆشن و هاووڵاتییانى پێ هەڵدەخەڵەتێنن.

ماوەیەکە جۆرە ئاردێک لە بازاڕدا هەیە کە خەڵکی دەڵێن بۆن و تامەکەی زۆر خۆشە، بازرگانانیش بە ئاردی گەنمی دێرینی عێراق دەیفرۆشن، بەڵام ئێستە دەرکەوتووە ئەو ئاردە تێکەڵەی ئاردی بەشەخۆراک و ئاردی سفرە.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق راى گەیاند، تیمەکانیان توانیویانە دەست بە سەر کۆگایەکی گەورەی تێکەڵ کردنی ئەو دوو جۆرە ئاردەدا بگرن، کە جۆرە کیسێکیان بۆ دروست کردووە و ناوێکیان لێ ناوە، هیچ مۆڵەتێکیان نییە و پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بن و نەیکڕن.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئاردەکە بە نرخێکی گران فرۆشراوە، کە نرخەکەی لە سەرووی ئاردی سفریش بووە و هاووڵاتییانیان پێ هەڵخەڵەتاندووە و بە ئاردی گەنمی دێرینی عێراقی فرۆشتوویانە.


وشە - رزگار خدر