لە خێوەتە سیاسییەکەى سلێمانى دەمەقاڵى دروست بوو

:: PM:02:09:07/02/2025 ‌

لە خێوەتی مانگرتووان کە چەند لایەنێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان دەهێنن، ئەمڕۆ چەند پەرلەمانتارێکى لایەنەکان چوونە سەردانیان بەڵام ئەنجامەکەى دروست بوونى دەمەقاڵی بوو لەنێوان پەرلەمانتارەکان.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەى خێوەتە سیاسییەکەى سلێمانى، گرژى لەنێوان فراکسیۆنى یەکێتى و نەوەى نوێ دروست بوو؛ مامۆستایەک بە سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێی گوت، "ئێمە رێگە نادەین ئەوان بمرن".

هاوکات چەند هاووڵاتییەک بە فراکسیۆنەکانی تریان گوت، ئێوە ئەو مانگرتووانە بۆ بەرژەوەندی خۆتان بەکار دەهێنن و دەتانەوێت هەندێک لەوانە بمرن بۆ ئەوەى لە داهاتوو بیکەن بە بانگەشەی هەڵبژاردن.

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان داواى لە مامۆستایانى مانگرتوو کرد کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنن و رێز لەم داوایە بگرن بەڵام لەم کاتەدا سروە عەبدولواحید لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ قسەکانى پێ بڕی و گوتى ئەمە تەنیا بۆچوونى خۆیەتى، لەوکاتەدا دەمەقاڵى لەنێوان هەردوو پەرلەمانتار دروست بوو.

لە بەرانبەردا هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییان وەڵامى هەردوو پەرلەمانتاریان داوەتەوە بەوەى کە هەریەکە و بەگوێرەى بەرژەوەندى حزبەکەى خۆى لێدوان دەدات و دەیانەوێ مانگرتووەکان بمرن لەپێناو ئەوەى؛ ئەوان مزایەدەى خۆیان بڵاو بکەنەوە.

دوای ئەو هەرایەی کە لەنێوان پەرلەمانتارەکان دروست بوو، پەرلەمانتاران بەپەلە شوێنەکەیان چۆڵ کرد و ڕۆیشتن.


وشە - رزگار خدر