كۆنگرێس: گرووپە چەكدارەكانی عێراق بخەنە لیستی تیرۆر

:: AM:09:06:08/02/2025 ‌
12 ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریكا داوا دەكەن بەشێك لە رێكخراو و كەسایەتییەكانی عێراق، بە تیرۆریست بناسرێن، چونكە رۆڵیان هەیە لە چەندان كردەوەی دژی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانیان.

لە نووسراوێكدا كە واژووی 12 كۆنگرێسمانی لەسەرە و لەلایەن جۆ ویڵسۆن كۆنگرێسمانی كۆمارییەكانەوە بڵاو كراوەتەوە، داوا دەكەن بەشێك لە رێكخراو و كەسایەتییەكانی عێراق بخرێنە لیستی تیرۆرەوە.

ئەو كۆنگرێسمانانە داوا دەكەن (رێكخراوی بەدر كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات، حزبوڵا، نوجەبا، كەتایبی جوندول ئیمام، كەتایبی سەید شوهەدا، سریەی جیهاد، سریەی خۆراسانی .. هتد بخرێنە لیستی تیرۆرەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو كۆنگرێسمانێكی تری ئەمەریكا لە ڕێگەی پشتگیریی دەیان كۆنگرێسمانی ئەمەریكا، داوای سزادانی نووری مالیكی و كۆمپانیای سۆمۆ و بانگی رافیدەینی كردووە كە تێوەگلاون لە سپیكردنەوەی پارە و هاوكاریكردنی ئێران.

ئەوە لە كاتێكدایە ئێستە بەرەی مقاوەمە لە عێراق كە ئێران سەرپەرشتی دەكات، لە ژێر گوشارێكی زۆردایە و بە بەردەوامی رۆژانە لەلایەن ئەمەریكاوە سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.



وشە - رامیار جەواد