بۆچی لە كاتی دەستبەتاڵیدا هەست بە برسێتی دەكەین؟

:: PM:10:49:10/02/2025 ‌

رەنگە هەستت پێی كردبێت، كاتێك تۆ دەستبەتاڵی یان بێزاری بەسەرتدا زاڵە، هەست بە برسێتی دەكەیت و پەنا بۆ خورادنی شیرینی یان سوێری ببەیت، رەنگە باشترین لێكدانەوە بۆ ئەو حاڵەتە ئەوە بێت كە برسێتی و حەزی خواردن تەنیا پێوەست نییە بە برسێتیی جەستەوە، بگرە لە كاتی دەستبەتاڵی یان بێزاریدا ئەوەی داوای خۆراك دەكات مێشكە نەك گەدە. 

وەك رۆژنامەی "لۆفیگارۆ"ی فڕەنسی بڵاوی كردەوە، دوو شارەزای خۆراك بۆچوونیان لەوبارەوە دەخەنە روو، ئیلیزابێس میلاریا پێی وایە چەند هۆكارێك بە یەكەوە كار لەسەر ئەو دیاردەیە دەكەن، لەو حاڵەتە، واتە دەستبەتاڵی و بێزاری ئەوەی داوای خواردن دەكات مێشكە، رەنگە بەدیار شاشەی تەلەڤزیۆنەوە زیاتر بخۆیت، هۆكارەكەشی ئەوەیە جۆرێك لە یەكخستن لە چێژی خۆراكەكە و دیمەنەكانی دەیبینیت دروست دەبێت.

فلۆرانس واكسین شارەزایەكی تری خۆراكە ئاماژە دەكات، مێشك هەوڵی پڕكردنەوەی ئەو بۆشایی و بێزارییە دەدات كە جەستە هەستی پێ دەكات، بۆیە وەك هێوركەرەوەیەك روو لە خواردن دەكات، كاتێك مرۆڤ هەست بە بێزاری دەكات روو لە خواردنی شیرینی و شوكوڵاتە دەكات، چونكە سروشتی مرۆڤ ئاوایە حەز بەوانە دەكات، كاتێك دەیانخوات پەیامێكی ئەرێنی بە مێشك دەگات.

ئەو شارەزایە دووپاتی دەكاتەوە كە دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتە دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش، كاتێك مرۆڤ بێزار دەبێت هۆرمۆنی هێوربوونەوە، واتە سیرۆتۆنین كەم دەبێتەوە، بۆیە خواستی خواردنی شیرینی دەكات بۆ بەرزكردنەوەی و هەستكردن بە باشتربوون، ئەو هەستەش زیاتر ئێواران دروست دەبێت، بۆیە بۆ رێگرتن لە خواردنی شیرینی زۆر دەتوانرێت تەواوكاری خۆراك بۆ بەرزكردنەوەی ئەو هۆرمۆنە وەربگیرێت.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل