بەكارهێنانی دەرمان بۆ خەوتن مەترسیی خەڵەفان زیاد دەكات

:: PM:09:42:12/02/2025 ‌

زۆرینەی شارەزایان دووپات لەوە دەكەنەوە كە خەوی تەندروست، واتە ژیانێكی تەندروست و رۆژێكی سەركەوتوو و میزاجێكی باش، لەوكاتەی زۆر كەس بە دەست خەوزڕان و كێشەی نوستنەوە دەناڵێنن، كە رەنگە ناچاریان بكات پەنا بۆ بەكارهێنانی دەرمانی خەوتن ببەن، توێژینەوەكان ئاماژە دەكەن كە پێوەندی لە نێوان بەكارهێنانی ئەو دەرمانانە و خەڵەفانەوە هەیە. 

رەنگە زۆرێك بەهۆی خەوزڕان و كەمخەوی و شێوانی خەوەوە تووشی خەمۆكی یان تێكچوونی میزاج و رارایی و هەڵچوون و سەرئێشە و كێشەی تری تەندروستی ببنەوە، رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی ئاماژە بۆ بوونی پێوەندی لە نێوان مەترسیی تووشبوون بە خەڵەفان و دەرمانەكانی خەوتن دەكات، جا بە راوێژی پزیشك بێت یان نا، جیا لەوە هەندێك توێژینەوەی تر ئاماژە دەكەن كە خەوزڕان و خەواڵوویی بە رۆژ، رەنگە ببنە هۆی تووشبوون بە خەڵەفان، جیا لە كەمخەوی، كە مەترسیی تەندروستی هەیە، وەك تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و جۆری دووەمی شەكرە و كێشە لە یادەوەری. 

د. جوشوا نیزنیك مامۆستا لە كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی كارۆلینای باكور لە ئەمەریكا دەڵێت، هەریەك لە خەوزڕان و وەرگرتنی دەرمانی خەوتن هەردووكیان باش نین، باشترین شت خەوتنێكی باشی شەوانەیە بۆ ئەوەی رێگری لە تووشبوون بە خەڵەفان بكرێت، د. فیلیپ سلون مامۆستایەكی تری زانكۆكە دەڵێت، چەند هۆكارێكیتر هەن وا دەكەن دەرمانی خەوتن نەخورێت، لەوانە پێوەندییان بە چەندان كێشەی ئاكارەوە هەیە، هەر شتێك كە بە نەرێنی كار لە مێشكی مرۆڤ بكات، دەكرێ بە خەڵەفانەوە ببەسترێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر بە بڕێكی زۆر و بە تێپەڕبوونی كات وەرگیرا، كار لە دەروونی مرۆڤ دەكات و هێوری دەكاتەوە، ئەگەر بە بەردەوام بخورێت، هۆشیاریی مرۆڤ تێك دەدات ولاوازی دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل