راپۆرتە هەواڵگرییە ئەمەریكییەكان ئاشكرای دەكەن، ئیسرائیل بەنیازە هێرشی ئاسمانیی بەرفراوان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەنجام بدات.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی دەڵێت: ئیسرائیل بەنیازە لاوازیی ئێران بقۆزێتەوە و ئەمساڵ هێرشی بەرفراوان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئەنجام بدات.
بەپێی هەڵسەنگاندنێكی هەواڵگریی، لە كۆتا رۆژەكانی دەسەڵاتی جۆ بایدن وەك سەرۆكی ئەمەریكا، ئیسرائیل ترسی خۆی لە بەدەستهێنانی ئێران لە چەكی ئەتۆمیی دەربڕیوە، ئەمەش هانی دەدات لە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا پشتیوانی بۆ هەر هێرشێك بەدەست بێنێت كە دەیكاتە سەر ئێران.
راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئیسرائیل ئیدارەی ترەمپ بە باشتر دەزانێت بۆ پشتیوانیكردنی بەتایبەت لە بەئامانجگرتنی ئێران كە پێویستی بە هاوكاریی ئەمەریكا دەبێت.
لەگەڵ ئەوەی نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەم زانیارییانەی رەت كردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی وڵاتەكە بەردەوام دڵنیایی دەدەن كە ئێران ئێستە زۆرترین ئەگەری هێرشكردنەسەری هەیە.