رۆژنامەی ئایدنڵكی توركی بڵاوی كردووەتەوە: شاندی دەم پارتی شەش گرتە ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجەلانیان بەدەست گەیشتووە.
عەبدولڕەحیم سەماوی كەسایەتیی دیاری توركیا كە پێشتر لە دەستەی عاقڵمەنداندا لە پرۆسەی ئاشتی رۆڵی گێڕاوە رای گەیاندووە، لەلای حكوومەتی توركیا و لەلای دەم پارتی، شەش گرتەی ڤیدۆیی عەبدوڵا ئۆجەلان هەیە كە هێشتا بۆ رای گشتی بڵاو نەكراونەتەوە.
سەماوی راشی گەیاندووە، ئۆجەلان بە شاندی ئیمراڵی گوتووە سەردانی مەسعوود بارزانی بكەن، دواتر راگەیەنراوەكەی من ئاشكرا بكەن.
ئەو كەسایەتییە دەڵێت، ئۆجەلان لەگەڵ توركەكاندا رێككەوتووە و بۆچوونی بارزانیش بە گرنگ دەزانێت.
ئەمە لە كاتێكدایە تولای حاتیمئۆغولاری هاوسەرۆكی دەم پارتی رای گەیاندبوو، پەیامە چاوەڕوانكراوەكەی ئۆجەلان رەنگە لە 15ـی شوباتدا بڵاو نەكرێتەوە، بكەوێتە دوای سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای سەرۆك بارزانی.