تۆماس فرێدمان لە قسەکانی ترەمپ لەبارەی غەززە ترسناکترین شت ئاشکرا دەکات

:: AM:10:53:13/02/2025 ‌
پلانی سەرۆک ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەززە و لابردنی دوو ملیۆن فەلەستینی و گۆڕینی هێڵی بیابانی کەنار دەریاکە بۆ جۆرێک لە "کڵەب مێد" واتە هاوینەهەواری هەمەچەشن تەنیا یەک شت دەسەلمێنێت: چ مەودایەکی کورت هەیە لە نێوان بیرکردنەوەی دەرەوەی سندوق و بیرکردنەوەی دەرەوەی مێشکت. من دەتوانم بە متمانەوە بڵێم کە پێشنیارەکەی ترەمپ تاکە گەمژانەترین و مەترسیدارترین دەستپێشخەریی "ئاشتی" ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە تا ئێستە لە لایەن سەرۆکێکی ئەمریکاوە خراوەتە ڕوو.

هێشتا دڵنیا نیم لەوەی چی ترسناکترە، پێشنیارەکەی ترەمپ لە غەززە کە پێدەچێت ڕۆژ بە ڕۆژ بگۆڕێت، یان ئەو خێراییەی کە یاریدەدەرەکانی و ئەندامانی کابینەکەی ، کە تەنانەت پێشوەختە نزیکەی هیچیان ئاگادار نەکراونەتەوە و وەک کۆمەڵێک بووکەشووشە سەریان بۆ پەسەندکردنی بیرۆکەکە دەلەقێنن.

بەڕێزان سەرنج بدەن، ئەمە تەنیا باسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە. بەڵکوو ئەمە نموونەیەکی بچووکی ئەو کێشەیەیە کە ئێستە ڕووبەڕووی دەوڵەتەکەمان دەبێتەوە. لە خولی یەکەمیدا سەرۆک ترەمپ بە بەربەستەکان دەور درابوو، یاریدەدەر و سکرتێری کابینە و جەنەڕاڵەکان کە چەندان جار ڕێگرییان لە خراپترین مەیل و پاڵنەرەکانی ترەمپ دەکرد.

ئێستە ترەمپ تەنیا بە ئامێری بڵندگۆی گەورەکەر دەورە دراوە، یاریدەدەرانی، سکرتێری کابینە، سیناتۆرەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لەژێر ترسی تووڕەیی ئەودا دەژین یان لە ترسی ئەوەی کە لەلایەن جەماوەرە ئۆنلاینەکانەوە  هەراسان بکرێن کە لە لایەن جێبەجێکارەکانی ئیلۆن ماسکەوە ئەنجام دەدرێن، ئەگەر لە هێڵەکە دەربچن.

ترەمپ بە تەواوی دەستکراوەیە، ماسک لە سنووربەدەرە و زۆربەی حکوومەت و دامەزراوە بازرگانییەکان لە ترسدا دەژین نەک لەلایەن هەریەک لە پیاوەکانەوە تویتیان لەسەر بکرێت، ئەمە ڕێچکەیەکی ئاژاوەگێڕییە لە ناوخۆ و دەرەوە. ترەمپ زیاتر وەکوو باوەلێ" گاد فازە" کاردەکات نەک سەرۆک: "خاکی بچووکی خۆشت هەیە لەوێ (گرینلاند، پەنەما، غەززە، ئوردن، میسر) شەرمەزار بە ئەگەر شتێکی خراپی بەسەردابێت  ...."

لەوانەیە ئەوە لە فیلمەکاندا سەربگرێت، بەڵام لە ژیانی ڕاستەقینەدا، ئەگەر ئیدارەی ترەمپ لە ڕاستیدا هەوڵ بدات ئوردن و میسر یان هەر دەوڵەتێکی دیکەی عەرەبی ناچار بکات ئەو فەلەستینیانەی لە غەززە دەژین قبوڵ بکات و سوپای ئیسرائیل کۆیان بکاتەوە ڕادەستیان بکات، بەو پێیەی ترەمپ گوتوویەتی گواستنەوەکە سەربازانی ئەمریکی پێی هەڵناسن و لەسەر باجدەرانی ئەمەریکی هیچ ناکەوێت، ئەوە  هەم هاوسەنگی دیمۆگرافی لە ئوردن و میسر تێکدەدات، هەم  میسر و ئیسرائیل ناسەقامگیر دەکات. سەرەڕای ئەو ڕقەی ئیسرائیلییەکان بەرانبەر حەماس، دڵنیام کە زۆرێک لە سەربازەکانی ئیسرائیل جگە لەوانەی بە ڕاستی توندڕەون، ڕەتی دەکەنەوە بەشێک بن لە هەر ئۆپەراسیۆنێک کە دەتوانرێت بەراورد بکرێت بە کۆکردنەوە و گواستنەوەی جووەکان لە ماڵەکانیان لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا.

وەک ڕۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیل بۆچوونی خۆی دەربڕی:"هیچ چارەسەرێکی ئەفسوناوی نییە کە بتوانێت بە سادەیی ململانێکان هەڵبوەشێنێتەوە. بوێری خستنەڕووی چارەسەرێکی لەو شێوەیە - چارەسەرێک کە دەنگدانەوەی زاراوەی وەک گواستنەوە، پاکتاوکردنی نەتەوەیی و تاوانەکانی دیکەی جەنگە - سووکایەتیکردنە بە هەردوو فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان".

هەروەها ترەمپ  بانگهێشتی کاردانەوە دەکات بەرانبەر باڵیۆزخانە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهانی مسوڵمانانی عەرەبیدا و بەشێکی زۆر لە مسوڵمانان لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا دەچنە سەر شەقامەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گواستنەوەی فەلەستینییەکان بە زۆر لە خاکی خۆیاندا. دژی ئەو هاوینەهەوارەی ترەمپ لە کەرتی غەززە دروستی دەکات کە ترەمپ گوتی "من خاوەنی دەبم" و فەلەستینییەکان مافی گەڕانەوەیان نییە بۆی.

ئەوە گەورەترین دیارییە کە ترەمپ بتوانێت بیدات بە ئێران بۆ گەڕانەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ شەرمەزارکردنی هەموو ڕژێمە سوننەکانی لایەنگری ئەمریکا. کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک ماکدۆناڵدز و ستاربەکس کە پێشتر لە ئەنجامی پڕچەککردنی ئیسرائیل لە شەڕی غەززەدا ڕووبەڕووی بایکۆت بوونەتەوە، هێندەی تر ناشرین دەکرێن.

ئایا ترەمپ روانگەی هەیە و لەسەر هەقە؟ باشە بەڵێ ڕاست دەکات کە حەماس ڕێکخراوێکی نەخۆش و ناڕوونە، نزیکەی هەزار و 200 کەسی لە حەوتی تشرینی یەکەمی 2023 کوشت، نزیکەی 250 کەسی دیکەی رفاند، بووە هۆی هێرشی بێبەزەیی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس، کە لە ژێر زەویدا لە غەززە خۆیان حەشار داوە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی هاوڵاتیانی مەدەنی غەززە بکەن. حەماس دراوسێی فەلەستینیەکانی وەک قوربانیدانی مرۆڤ بەکارهێنا بە ئامانجی بێشەرعیەتدان بە ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهاندا. بۆ زۆرێک لەو گەنجانەی کە تەنیا هەواڵەکانیان لە ڤیدیۆکانی تیک تۆکەوە وەرگرتووە، کاریگەری هەبوو، هەرچەندە  ستراتیژییەکی گاڵتەجارانەیە.

هەروەها ترەمپ ڕاست دەکات کە ئێستە غەززە لە ئەنجامدا  وەک دۆزەخە. ترەمپ ڕاست دەکات کە کێشەی پەنابەرانی فەلەستین زۆر مەودا دوور دەبێت لەلایەن ئەوانەی گومانیان هەیە لە جیهانی عەرەبی و ئیسرائیل و سەرکردە بێتواناکانی فەلەستین.

لەدوای حەوتی تشرینی یەکەمەوە هیچ جۆرە پرۆسەیەکی ئاشتی ئاسان نابێت، بەڵام ئەو تێڕوانینەی کە هەموو شتێک تاقی کراوەتەوە و تاکە بژاردە کە ماوەتەوە پاکتاوی نەتەوەییە، هەڵەیە چونکە ئەوەیە کە هەر دوو ئیسرائیل و حەماس دەیانەوێت.

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەم تیمەی ترەمپ ئەوەیە کە هەموو تێڕوانینەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاویلکەی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل و مەسیحییە ئینجیلیەکانەوە فلتەر دەکرێت. بۆ نموونە مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەردەوام بە سەرکردە عەرەبییەکان دەڵێت، "هەرگیز حەماس ناتوانێت جارێکی تر حوکمڕانی غەززە بکات و هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات". بەڵام پێدەچێت ڕوبیو نەزانێت کە ئەوە نەتەنیاهۆ بووە کە وایکردووە قەتەر سەدان ملیۆن دۆلار بدات بە حەماس کە ڕێگەی داوە بۆ بەرنامەی دروستکردنی تونێل و دروستکردنی چەک بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ هەمیشە حوکمڕانی غەززە بکات.

دەیویست حەماس "حوکمڕانی غەززە" بکات نەک دەسەڵاتی فەلەستینی کەناری ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان هەمیشە دابەش ببن و هەرگیز نەتوانن هاوبەش بن بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت - ئامانجی هەموو سەرۆکێکی ئەمریکا لە دوای جۆرج بۆشەوە ئەوە بووە. هۆکاری ئەوەی کە نەتەنیاهۆ ڕەتی کردووەتەوە سەرکردایەتییەکی بەدیل بۆ غەززە پێناسە بکات، لەبەر ئەوەیە کە دەزانێت تاکە بەدیلێکی باوەڕپێکراو دەسەڵاتێکی چاکسازیکراوی فەلەستینە، بەڵام ڕاستڕەوی توندڕەو لە ئیسرائیل ئەگەر ڕازی بێت بە چارەسەرێکی لەو شێوەیە، دەڕووخێت. هەڵبەت جگە لە پاکتاوی نەتەوەیی هەموو شتێکی تر لەلایەن هەردوو لایەنەوە تاقی کراوەتەوە.

ئەگەر بەڕاستی ترەمپ دەیەوێت بە  شێوەیەکی ڕێشەیی لە  غەزە  دەربچێت و سوود لە هەندێک لەو ترسە وەربگرێت کە خەڵک لە  ترەمپی هەیە، ئەوە دەبێت کە بە ئاشکرا بانگەوازی هەموو لایەنەکان بکەین و تەحەدای هەریەکەیان بکەین کە لە ڕاستیدا بە نیەتێکی باشەوە ئەو کارە سەختانە بکەن کە پێویستە بۆ دەرچوون لەم دۆزەخە. ئەوە دەبێت بە دەسەڵاتی فەلەستین بڵێین ئەگەر بیهەوێت حوکمڕانی غەززە بکات پێویستە دەستبەجێ سەرکردەیەکی نوێ و ناگەندەڵ و سەرۆکوەزیرانێکی نوێ و کاریگەر کەسێکی وەک سەرۆکوەزیرانی پێشوو سەلام فەیاز دەستنیشان بکات. پاشان ئەم دەسەڵاتە چاکسازیکراوەی فەلەستین پێویستی بە دروستکردنی کابینەیەکی تەکنۆکرات هەیە بۆ بانگهێشتکردنی هێزێکی ئاشتیپارێزی عەرەبی بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەززە لە ئیسرائیل و تەواوکردنی دەرکردنی سەرکردایەتی حەماس و داوای هاوکاری نێودەوڵەتی کە پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە. هەروەها ئەو هێزە عەرەبییە دەبێت پابەند بێت بە ڕاهێنانی هێزێکی ئەمنی دەسەڵاتی فەلەستین بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بتوانێت بە تەنیا حوکمڕانی غەززە بکات، بە یارمەتی عەرەب.

ئەوە دەبێت بە نەتانیاهۆ بڵێین ئەگەر هێزی ئاشتیپارێزی عەرەبی بیگرێتە دەست، غەززە دابەش دەکرێت بەسەر ناوچەی A و ناوچەی B. دەسەڵاتی فەلەستین و هێزی ئاشتیپارێزی عەرەبی ناوچەی A بەڕێوەدەبەن کە دەکاتە  ناوەندەکانی دانیشتووان  و سوپای ئیسرائیل دەتوانێت لەسەر تەواوی دەوروبەری ناوچەی A بێت واتە ناوچەی B  بۆ چەند ساڵێک بمێنێتەوە. دوای ئەوە فەلەستینییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن و لەگەڵ ئیسرائیل بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ هەردوو خاکەکە دانوستان دەکەن. کاتێک ئەو پرۆسەیە دەستی پێکرد، سعوودیە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە و پەیماننامەی ئەمنی ئەمریکا و سعوودیە دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت.
ترەمپ زوو ئەمە فێربێت یان درەنگ، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی نەتەنیاهۆ یەک ناگرنەوە. بەرژەوەندی نەتەنیاهۆ ئەوەیە کە هەموو ئامرازێک بەکاربهێنێت بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا، گرنگ نییە بە مانای دواخستنی ئازادکردنی بارمتەکان، شەڕێکی هەمیشەیی یان وازهێنان لە ئاسۆی ئاساییکردنەوەی مێژوویی پێوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی جوو و سعوودیە بێت. تەنانەت ڕۆژێک پێشتر نەتەنیاهۆ گوتی "سعوودییەکان دەتوانن دەوڵەتێکی فەلەستینی لە سعوودیە دروست بکەن، ئەوان زەوییەکی زۆریان لەوێ هەیە"، ئەمەش  وەڵامێکی توندی سعوودیەی لێکەوتەوە.

یا ترەمپ لە خەو هەڵدەستێت و تێدەگات کە نەتەنیاهۆ و جووە باڵادەستەکان لە ئیسرائیل وەکوو گەمژەیەک دەیبینن.
بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو دامەزراوە ئەمنییەکان لە ئیسرائیل زۆر تووڕەن بەهۆی ئەو ڕاستییەوە کە نەتەنیاهۆ ڕەتی کردووەتەوە هەرگیز پلانێک دەستنیشان بکات بۆ گۆڕینی سەرکەوتنی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی بەردەوام. کەواتە لێرەدا ئەوەی بیبی لەم هەفتەیەدا بە کنێستی گوتووە: "دیدگای ترەمپ نوێیە، داهێنەرە، شۆڕشگێڕانەیە و بڕیاری داوە جێبەجێی بکات. باسی "ڕۆژی دوای"[پلان بۆ غەززە]ت کرد  بۆیە ڕۆژی دوایی خۆتت دەستکەوت! تەنیا لەگەڵ دیدگای ئۆسلۆدا ناگونجێت. چونکە جارێکی تر ئەم هەڵەیە دووبارە ناکەینەوە". نەتەنیاهۆ تەنیا ترەمپ بەکار دەهێنێت بۆ کڕینی کاتێکی زیاتر لەسەر ڕێگایەک کە ناگاتە هیچ شوێنێک.

ئەگەر بیبی بگاتە ئەو ئامانجەی بۆی دەڕوات، ئەوا هەموو گەنجێکی جوو لەئەمڕۆدا دەبێت بە  خۆی بڵێت لە جیهانێکدا  گەورە دەبم کە دەوڵەتی جوو تێیدا دەوڵەتێکی قێزەونە.

سەرۆک ترەمپ، دووبارەی دەکەمەوە، دۆزێکی ڕاستەقینەت لەبەردمدایە دەخوازێت بە  شێوەیەکی خاوێن و نوێ بیر لەم دۆزە بکەیتەوە. بەڵام پلانەکەت بۆ غەززە واتا بیرکردنەوەیەکی تازەت نییە. ئەوە تەنیا قسە فڕیدانێکی تازەیە. ئەوە چەمکگەلێکی لێڵە بۆ پلانی ئاشتی کە بەبێ پشکنینی یاریدەدەرەکان یان هاوپەیمانەکان فڕێ دراونەتە دەرەوە، وردەکارییەکانی ڕۆژانە دەگۆڕیت، یاریدەدەرەکانت سەری بۆ دەلەقێنن وەک بووکەڵە بەبێ  هیچ ڕەچاوکردنێک بۆ بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی ئەمریکا یان متمانەی خۆیان. بەرێز ترەمپ پلانەکەت ئیسرائیل ئەوەندەی حەز لێیە کە بۆی مردووە،، ئێران پێی زیندوو دەبێتەوە و هەموو دۆستێکی ئەمەریکیی جێگیر دەخاتە ئاژاوە و ناسەقامگیرییەوە.

نووسینی: تۆماس فریدمان
سەرچاوە\ نیویۆرک تایمز- چاپی ئەمڕۆ
وەرگێڕانی\ وشە 





وشە - تایبه‌ت