دەنگۆی بڵاوبوونەوەی فرۆشتنی گۆشتی كەر، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هەژاند و حكوومەتیش هەر ئەمڕۆ دەستی بە رێوشوێنی توند كرد.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی توركیا دەنگۆی بڵاوبوونەوەی گۆشتی كەر لە بری گۆشتی مەڕ و بزن و مانگا هەرای ناوەتەوە. خەڵك باس لەوە دەكەن بەشی زۆری دوكانەكانی كولێرە بەقیمە و كەبابخانە و چێشتخانەكان، گۆشتی كەر لەبری گۆشتی بەرخ دەدەن بەخەڵك.
ئەم بابەتە هەر ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی شوبات، وەزارەتی كشتوكاڵ و دارستانی توركیای وا لێَ كرد بەپەلە لیژنەیەكی پسپۆڕ پێكبهێنێت و هەموو ئەو كەسانە سزا بدات كە ئەو كارانە دەكەن.
دەنگۆكە لەو وڵاتە بەجۆرێك گەورە بووە كە خەڵك گومانیان لە كڕینی گۆشت لەلا دروست بووە و فرۆشی بەتەواوی كەمی كردووە، ئەمەش وایكردووە بەشێكی زۆریش لە چێشتخانە و كەبابخانەكان فرۆشیان دابەزیوە.
وەزارەتی كشتوكاڵ و دارستانی توركیا رای گەیاند، هەر ئەمڕۆ بەپەلە دەستیان بە هەڵمەتێكی فراوانی پشكنین لە ماركێت، گۆشفرۆش و كوشتارگەكان كرد و دواتریش دەچنە چێشتخانە و كەبابخانەكانەوە.
بەپێی قسەی خەڵك، بەهۆی هەرزانیی گۆشتی كەرەوە، خاوەن چێشتخانە و كەبابخانە و كولێرە بەقیمەكان، ئەو گۆشتەیان بەكار هێناوە و بە هەرزانیش بەخەڵكی دەفرۆشن.
لە توركیا گۆشت بەجۆرێك گران بووە، زۆرینەی خەڵكی ناتوانن هەموو رۆژێك بیخۆن، بۆیە ناچارن گۆشتی هەرزان بكڕن.