سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كۆربەندی ئیتاڵیا _ ھەرێمی كوردستان، زۆر گرنگ بوو و ئەنجامی باشی ھەبوو، دەبێتە دەروازەیەكی باشی بازرگانی و وەبەرھێنان بۆ ھەرێمی كوردستان.
د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆربەندی ئیتاڵیا _ هەرێمی كوردستان، یەكەم جارە بەوشێوە و بەم ئاستە بەرزە بكرێت، بەشداری هەردوو لایەنی حكوومەتی هەرێم و ئیتاڵیا و كەرتی تایبەتی ھەردوولا بەشداربوون.
زیاتر گوتی، لە ئەنجوومەنی سیناتی ئیتاڵی زیاتر لە 20 كۆمپانیای ھەرێم و زیاتر لە 50 كۆمپانیای ئیتاڵی و حكوومەتی ھەرێم و ئیتاڵیا لە ئاستێكی بەرز بەشداربوون، رۆژی دووەم لە فیدراسیۆنی پیشەسازی ئیتاڵیا كە فیدراسیۆنەكە چەترێكە بۆ ھەموو فیدراسیۆنەكانی ئەو وڵاتە، چونكە ئیتاڵیا حەوتەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیھان بۆ پیشەسازی و سێیەم وڵاتە لە ئەوروپا بۆ پیشەسازی، بۆیە ئومێدەوارین دەرگایەكی فراوان بكرێتەوە لە بواری بازرگانی و وەبەرھێنان لە نێوان ھەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا .
دووپاتی كردەوە، بەھۆی ئەو كۆڕبەندە ئابوورییە دەتوانین سوود لە ئەزموونی وڵاتی ئیتاڵیا وەرگرین و پەرە بە تواناكانی خۆمان لە بواری پیشەسازی بدەین.
وشە/ بڵند ئیبراھیم