هەرچەندە نوێنەرانی كورد لە رۆژئاوا و باشووری كوردستان بەشداری كۆنفرانسەكەی پاریس نەبوون، بەڵام ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا وەك سەركۆماری كوردستان مامەڵەی كردووە و شرۆڤەكارێكی سیاسیش روونكردنەوە لەبارەی ئەمەوە داوە.
ئەمشەو دووشەم 16ی شوباتی 2025، عادل باخەوان بەڕێوەبەری پەیمانگای ئەوروپی بۆ توێژینەوەكان لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا و شرۆڤەكاری دیاری سیاسیی كوردستان لە واڵی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، لە کۆنفرانسەکەی پاریس لەبارەی داهاتووی سووریا، نوێنەری کوردی رۆژئاوا و باشوور بەشدار نەبوون.
باخەوان روونی كردووەتەوە، بەڵام کورد شانسی ئەوەی هەبوو کە کەسی یەکەمی کۆنفرانس، ئیمانوێل ماكرۆن وەک ئەوەی سەرکۆماری کوردستان بێت مامەڵەی کرد و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد کرد و کردی بەمەرج بۆئەوەی یەکێتی ئەوروپا "یەکەم سزاکان لەسەر سووریا هەڵبگرێت و "دووەم مامەڵە لەگەڵ سووریا وەک پارتەنەری نوێ بکات".
لە درێژەی شرۆڤەكانییەوە عادل باخەوان نووسیوویەتی، ماكرۆن پاش كۆنفراسەكە لە پشت کامێراکانەوە دەستی وەزیری دەرەوەی سووریا دەگرێت و پێی دەڵێت: ئێمە ئامادەین هەموو هاوکاریەکتان بکەین، بەڵام بەمەرجێک کە کورد ئەکتەری سەرەکی بیناکردنەوەی سووریا بێت.
ماكرۆن ئەوەیشی بە وەزیری دەرەوەی سووریا گوتووە، ئێمە هەرگیز ناتوانین هاوپەیمانەکانمان بەتەنیا بەجێبێڵین، چونکە ئەوەی کورد بۆ ئێمەی کردووە، کەس بۆی نەکردوون. لەم ڤیدیۆیەی كە لەگەڵ ئەم هەواڵەیشدا هاوپێچە، بە گوتەی باخەوان ماكرۆن زۆر بەڕونی ئاماژە بەوە دەدات.