بڕیارە لە چوارڕیانی سافی نزیك زانكۆی كوردستان لە هەولێری پایتەخت، پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی فوئاد ئەحمەد لابدرێت.
سەعات چواری ئێوارەی سبەی چوارشەم 26ی شوبات، لە چوارڕیانی سافی نزیك زانكۆی كوردستان، كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی مەڵبەندی گشتیی هەولێر، بە هاوئاهەنگی پارێزگاری هەولێر، لە ڕێوڕەسمێكدا پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی ناوداری كوردستان فوئاد ئەحمەد لادەدات.
هونەرمەند فوئاد ئەحمەد ساڵی 1932 لە گوندی "عەوێنە"ی سەربە شارەدێی گوێڕ چاوی بەژیان هەڵهێناوە، ساڵی 1940 چووەتە قوتابخانە و پاشان خانەی مامۆستایانی تەواو كردووە، لە سەرەتا لە گوندی عاڵا و گردعازەبان و چەند شوێنێكی تری دەشتی هەولێر بووەتە مامۆستا.
هونەرمەند لە ساڵی 1959 تا 1970 لێپرسراوی جووڵانەوەی هونەری بووە، بۆ یەكەمجار ساڵی 1955 چووەتە ئێستگەی بەغدا، یەكەم سروودی بەناوی نەورۆز تۆمار كردووە، لە ساڵی 1959 گۆرانیی "ئەمیرەكەم"ی تۆمار كردووە، گۆرانیی (نامەكەت گەیشت) و (سروەی بەیان) لەگەڵ چەند گۆرانییەكی تر تۆمار كردووە و پاشان درێژەی بە كاروانی هونەری داوە.
رۆژی سێشەم 17ی 8ی 2004، هونەرمەند فوئاد ئەحمەد كۆچی دوایی كرد، لە رێوڕەسمێكی شكۆداردا لە شاری هەولێر بەخاك سپێردرا.