ڤیدا قادری "هێمای ئەتك" بڵاو دەكاتەوە

:: AM:11:58:02/03/2025 ‌
"هێمای ئەتك" كتێبێكی تری وەرگێڕانی ڤیدا قادرییە، ناتانیل هاسۆرن لەم ڕۆمانەدا وەك دەروونناسێكی شارەزا و لێهاتوو، لایەنە شاراوەكانی ڕۆحی كۆمەڵگەی ئاینیی ناو ئینگلتەرای ئەو سەردەمەمان بۆ دەخاتەڕوو. 

هاسۆرن لەو رۆمانەدا باس لە ژنێك دەكات كە لە نەریتەكانی كۆمەڵگە لای داوە و لەلایەن كۆمەڵگەی نەریتی و ئاینی و پیاوسالاری ئەو سەردەمە ڕێسوا و ئەتك كراوە، رۆمانەكە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گوناه و بەر تانە و توانج و سزای خەڵك كەوتن كارێكی بوێرانەیە.

ئەم كتێبە دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان چاپ و بڵاوی كردەوە، ڤیدا قادریش دەڵێت، لە رۆژی لەدایكبوونی مندا كتێبەكە بڵاو كرایەوە.

ڤیدا نووسیویەتی، ڕۆمانی "هێمای ئەتك" چیرۆكی ڕووخانی ڕۆحی ژنێكە لە ژێر باری نیگا و سەركۆنەی خەڵكێكی لۆمەكەر و دەمارگرژدا. چیرۆكی خۆشەویستی و گوناهـ و ڕێسوابوون و پاكژبوونەوەی ژنێك كە چۆكدادان لە سروشتیدا نییە. ژنێك بە تاوانی زینا لەلایەن كاربەدەستان و خەڵكی شارەكەوە ئەتك دەكرێت، نیشانەی نەنگی بە بەرۆكیدا دەدووردرێت و تەرە دەكرێت و ئەشكەنجە دەدرێت، بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەسەی لەگەڵیدا خەوتووە.

 ناتانیل هاسۆرن شارەزایانە چیرۆكێكی عاشقانەی تاڵمان بۆ دەگێڕێتەوە، دەروونناسانە باری دەروونیی كارەكتەرەكانی ڕۆمانەكەمان بۆ شی دەكاتەوە، كۆمەڵناسانە ڕاستییە ناشیرینەكانی كۆمەڵگەی گەندەڵ و نەریتیی ئەو سەردەمەمان بۆ شرۆڤە دەكات.

 ئەو لەم ڕۆمانەدا چیرۆكی ئێمە دەگێڕێتەوە، ئێمەی كە هەر كاممان لەوانەیە نیشانەیەكی نەنگی بە بەرۆكمانەوە بێت، هێمایەكی شاراوە كە هێور هێور ڕۆحمان دەخوات. 



وشە - سۆران عەزیز