چۆن دەزانی دەمارەكانی دڵت گیراوە؟

:: PM:10:45:03/03/2025 ‌

دڵ لە گرنگترین ئەندامەكانی لەشی مرۆڤە، بەو هۆیەوە كێشەكانی دڵ لە هۆكارە سەرەكییەكانی مردنی مرۆڤن لە سەرانسەری دنیا، بۆیە پێویستە پارێزگاری لە تەندروستی دڵ بكرێت، ئەگەر تووشی كێشەش هاتەوە، پێویستە زوو چارەسەر بكرێت بۆ پارێزگاریكردن لە ژیان.

یەكێك لە كێشە بڵاوەكانی دڵ گیرانی خوێنبەرەكانی دڵە، وەك ماڵپەڕی "Times of india "، ئاماژە دەكات، لە نیشانە زوو و سەرەتاكانی ئەو كێشەیە بریتین لە:

1-ئازاری سینگ، بەتایبەتی لە كاتی وەرزشكردن یان ئەركێشان و ماندووبوون یان هەڵچوون و رارایی یان لە كاتی حەسانەوەدا. 

2-هەناسەتەنگی بەهۆی ئەوەی دڵ ئۆكسجینی پێویستی پێ ناگات، كە لە رێگەی خوێنەوە بۆی دەچێت، بۆیە داخرانی خوێنبەرەكان هەناسەنگی لە كاتی ماندووبوون و حەسانەوەش دروست دەكات. 

3-هەستكردن بە ماندووبوون لە كاتی ئەرككێشان و وەرزشكردن، بەهۆی داخرانی خوێنبەرەكان دڵ گوشاری زیاتری دەكەوێتە سەر بۆ گەیاندنی خوێن و ئەوەش مرۆڤ ماندوو دەكات.

4-سەرسووڕان و سەرگێژخواردن، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دڵ بە زەحمەتی خوێنی پڕ لە ئۆكسجین بەرەو مێشك پاڵ دەدات بەهۆی گیرانی خوێنبەرەكانەوە، هەندێك جار لەهۆشخۆچوونیشی لەگەڵ دەبێت.

5-خێرابوون و ناڕێكیی بەردەوامی لێدانی دڵ.

6-ئازاری لای چەپی لەش، ئازاری گیرانی خوێنبەرەكان تەنیا سینگ ناگرێتەوە، رەنگە كاریگەری بگاتە باسك و شان و مل و شەویلاك و پشتیش.

7- زۆر ئارەقەكردن بێ ئەوەی ئەرك بكێشیت یان ماندوو بیت یان لە شوێنێكی گەرمدات بیت، بەتایبەتی ئەگەر هەستكردن بە ساردی و سەرمای لەگەڵدا بێت، نیشانەیەكی گیرانی خوێنبەرەكانە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل