نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسێک گەیشتە سەرووی سێ هەزار دۆلار و بەهۆیەوە نرخی زێڕ لە بازارەکانی کوردستانیش بەرز بووەوە.
بەگوێرەی بۆرسەی جیهانیی نرخی زێڕ تەنیا لە سێ رۆژی رابردوودا هەر ئۆنسێک زێڕ 120 دۆلار گرانتر بووە و هەر بۆیەش لە بازاڕەکانی کوردستانیش نرخی زێڕ بە رێژەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە.
بەگوێرەی دواین نرخی زێڕ لە بازاڕی زێڕنگرانی هەولێر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 نرخەکەی گەیشتووەتە 631 هەزار دینار، زێڕی عەیار 18 بە 541 هەزار دینار و زێڕی عەیار22 بە 661 هەزار دینار و عەیار 24 بە 721 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
ئێستە هەر ئۆنسێک زێڕ بە سێ هەزار و دوو دۆلارە و یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکەیشی بۆ ئەو جەنگە ئابوورییە دەگەڕێتەوە کە دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ وڵاتان دەستی پێ کردووە و باجی زۆری خستووەتە سەر بەرهەم و کاڵاکانیان .
ئەمەریکا باجی قورسی بەسەر بەرهەمی وڵاتانی کەنەدا، مەکسیک و چیندا سەپاندووە و پێشتریش کۆمەڵێک باجی بەسەر ئەوروپادا سەپاندووە و ئەو وڵاتانەیش وەڵامیان هەبووە و هەر ئەمڕۆ ئەوروپا بڕیاری دا باج بەسەر بەشێک لە بەرهەمەکانی ئەمەریکادا بسەپێنێت و وڵاتانی تریش بەرانبەر ئەو شەڕەی ترەمپ دەستی پێ کردووە رێکاری نوێیان گرتووەتە بەر.
یەکێکی تر لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ بۆ ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە داهاتوودا دەگەڕێتەوە کە چاوەڕوان دەکرێ دوای دابەزینی رێژەی هەڵاوسان، بانکی ناوەندی ئەمەریکا رێژەی سوود بەرز بکاتەوە.