سبەی پشوو نییە

:: AM:11:40:15/03/2025 ‌
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، سبەی لە هەرێمی كوردستان و لە یادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا پشووی فەرمی نییە.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی ئادار، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سبەی پشوو نییە و دەوام ئاسایی دەبێت،ە لە سەرجەم فەرمانگەكانیش رێز لە قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەگیرێت.

سبەی یادی كیمابارانی هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە، لەو یادەدا هیچ ساڵێك پشوو نەبووە.

هەفتەی رابردوو ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی لە ڕاگەیەنراوێكدا رای گەیاند، ڕۆژی یەكشەمی داهاتوو كە دەكاتە 16ـی ئادار، لە داودەزگاكانی عێراق دەبێتە پشووی فەرمی. 

 ئاماژە بەوەش كراوە، رۆژەكە ساڵوەگەڕی تاوانەكانی ڕژێمی سەدامی بەعسە لە دژی گەلی عێراق كە بریتی بوون لە كۆمەڵكوژییەكانی هەڵەبجە، ئەنفال، گۆڕە بەكۆمەڵەكان، ڕاپەڕین، تیرۆركردنی زانایان و بەئامانجكردنی لایەنە سیاسییەكان.

ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی باسی لەوەش كردووە، بڕیارەكە بە پشتبەستن بە بڕگەكانی مادەی (1/یەكەم/ل) لە یاسای پشووە فەرمییەكان، ژمارەی 12ـی ساڵی 2024 پێ دراوە. 

 هەرچەندە ساڵوەگەڕی كیمیابارانی هەڵەبجە لە هەموو داودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاد دەكرێتەوە، بەڵام ئەمە جاری یەكەمە حكوومەتی عێراق ئەو ڕۆژە دەكاتە پشووی فەرمی.



وشە - رامیار جەواد