هەڵمەتە سەربازییەكی دوێنێی ئەمەریكا بۆ سەر حوسییەكانی یەمەن یەكەم هەنگاو بوو بە ئاراستەی گوشارەكان بۆ سەر ئێران، نەك تەنیا بۆ دەستبەرداربوونی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی، بگرە بۆ دەستبەرداربوونی لە حوسییەكان لە دوای لەناوبردنی توانا سەربازییەكانی حزبوڵای لبنانی، شارەزایان پێیان وایە عێراقیش لەو هەڵمەتە سەربازییەی ئەمەریكا دوور نییە ئەگەر میلیشیاكانی دەست بكەنەوە، بۆیە ئەمەریكا لە عێراق خۆی ساز داوە بۆ هەر ئەگەرێك.
ئێستە بە ناوی هەڕەشە بۆ سەر رێڕەوی بازرگانیی نێودەوڵەتی، ئەمەریكا هێرش دەكاتە سەر حوسییەكان، وەك بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن تا دەستهەڵگرتنیان لە هێرشەكانیان هێرشی ئەمەریكا بۆ سەریان بەردەوام دەبێت، ئەمەریكا دەیەوێ بە هاوشێوەی خۆبێبەریكردنی تاران لە حەسەن نەسروڵا و حەماس، خۆی لە عەبدولمەلیك حوسیش بێبەری بكات و حووسییەكان بۆ قەبارەی پێشوو بگەڕێنێتەوە، ئەگینا فەرماندە سەربازییەكانی ئەمەریكا سەرپشك كراون بێ گەڕانەوە بۆ كۆشكی سپی گورزیان لێ بوەشێنن.
بەپێی سەرچاوە عێراقییەكان لە دوای هێرشەكەی شەوی رابردووی ئەمەریكا بۆ سەر چەند پارێزگایەكی یەمەنی و كوشتنی ژمارەیەك سەركردەی حوسی و وێرانكردنی جبەخانە و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و سەكۆی هەڵدانی مووشك و درۆن، میلیشیا شیعەكان لە عێراق پێكهێنانی چەند گرووپێكی تریان بۆ هێرشكردنە سەر ئەمەریكا راگەیاند، ئەوەش وای كرد هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا خۆیان ساز بدەن و لە هەموو بنكەكانیان ئامادەسازی بكەن، بەتایبەتی لە بنكەكانی عەین ئەسەد و حەریر.
لە بەرانبەردا و دوایی وریایی شارەزایان لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەیە هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا میلیشیا شیعەكانی عێراقیش بگرێتەوە، ئەوان لە لایەك رایان گەیاند كە گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكوومەتی عێراق سەبارەت بە چارەنووسی چەكەكانیان كۆتایی نەهاتووە، كەچی لە دوای هێرشەكانی شەوی رابردوو دامەزراندنی چەند گرووپێكیان لە دژی ئەمەریكا راگەیاند، سەرچاوەیەكی تەناهیش ئاماژە دەكات كە لە دوای گورزە گەورەكان بۆ حووسییەكانی یەمەن، میلیشیا شیعەكانی عێراق بارەگەكانی خۆیان چۆڵ كردووە و خۆیان لە شوێنی نوێ حەشار داوە، رێنوێنیش بۆ فەرماندە مەیدانییەكانیان دەرچووە كەمتر دەربكەون و پاراستنی سەركردەكانیان بەهێزتر بكرێت.
كەمال تەحسین توێژەری تەناهی دەڵێت، ئێستە ستراتیجیەتی ئەمەریكا لە ناوچەكە زیاتر روون بووەوە، هەنگاوەكانی بۆ قرتاندنی نینۆكی ئێران لە ناوچەكە خێراتر دەبێت، لە رێگەی كردنەئامانجی باڵە سەربازی و سیاسییەكانی لە چەندان بەرەوە، واشنتن دەستی بە داڕشتنەوەی هاوكێشەی دەسترۆیشتوویی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە.
روونی كردەوە، لە دوای كۆتاهاتنی شەڕی غەزە بەپێی مەرجەكانی، ئەو گورزانەشی ئیسرائیل لە سەركردەكانی حزبوڵای لبنانی وەشاند، هەروەها گۆڕینی رژێمی بەشار ئەسەد، ئێستە روونە ئامانجی داهاتووی لێكهەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی دەسترۆیشتووی ئێرانە لە یەمەن و عێراق، ئێستە میلیشیاكانی حوسی و عێراقییەكان دوایین كارتی كاریگەری سەربازیی ئێرانن لە ناوچەكە، بەڵام هێرشەكانی دوایی ئەمەریكا لە یەمەن دەری دەخەن كە خەریكە ئەو كارتانەش راستەوخۆ دەكرێنە ئامانج، بەو مانایەی تەواوی پڕۆژەی ئێران بەرەو دووبارە داڕشتنەوەیەكی بە زەبری هێز لە لایەن زلهێزەكانەوە دەچێت.
لە دوای هەڵمەتە سەربازییە فرەوانەكەی ئەمەریكا بۆ سەر حوسییەكانی یەمەن، چەند گرووپێكی شیعە لە عێراق خۆیان راگەیاند، كە دەست بە كردەی سەربازی لە دژی ئەمەریكا دەكەن و بەرگری لە عێراق و یەمەنیش دەكەن، لە دیمەنێكی هاوشێوەی 2020 لە دوای كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، كە چەند گرووپێكی شیعە بە ناوی نوێ خۆیان راگەیاند و دەستیان بە هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
د. ئیحسان شمەری سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسیی عێراقی دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا لە یەمەن كۆتاییان نایەت، چونكە ئەوانە سەرەتای بژارەی سەربازیی ترەمپە بەرانبەر بە هاوپەیمانەكانی ئێران لە ناوچەكە، هێرشەكان بۆ سووككردنی گوشارە لەسەر ئیسرائیل، ئەگەر حوسییەكان بڕیاری دووبارە كردنەئامانجی ئیسرائیل و ئابوورییەكەی بدەن، هەر لە بەشێكی ئەو هەڵمەتە رەنگە وەك پەیامێكی روون عێراقیش بگرێتەوە، بەتایبەتی لە دوای پێوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، بۆیە عێراق دوور نییە لەو هەڵمەتە.
دووپاتی كردەوەن راگەیاندنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی بژارەكانی وەڵامدانەوە شوێنی تریش دەگرێتەوە، هەڵمەتەكەی یەمەنیش پەیامێكی توندە بۆ ئێران و هاوپەیمانەكانی و ئەوەش بژارەیەكی ستراتیجییە و كاتی نییە، رەنگە وا دیار بێت هەڵمەتەكەی یەمەن لە دژی نیازی حوسییەكان بێت بۆ دەست پێكردنەوەی هێرشەكانیان لە دەریای سوور، بەڵام هەڵمەتەكەی ئەمەریكا كراوەیە و لە دوای رەتكردنەوەی پەیامەكەی ترەمپ لە لایەن ئێرانەوە دێت، ئەوەش دووپاتی دەكاتەوە كە لە چوارچێوەی سیەسەتی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر تاران كراوە.