یەكێك لە خاڵە گرنگ و بەهێزەكانی پڕۆژەی رووناكی لە هەرێمی كوردستان، كە ئێستە لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك دەستی پێ كراوە و چەندان گەڕەك كارەبای بەردەوامیان بۆ بەستراوە، ئەوەیە جیاوازی لە نێوان هاوبەشانی كارەبا نامێنێت، هەموویان دەبنە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی و هاووڵاتیی چەندی بوێت ئەوەندە بەكار دێنێت و بەفێڕۆدانی كارەباش نامێنێت.
شارەزایان ئاماژە دەكەن كە بەهۆی پڕۆژەی رووناكییەوە ونبوونی كارەبا نامێنێت، لەوكاتەی لە ماوەی رابردوو وەزارەتی كارەبا بەردەوام باسی لەوە دەكرد كە بەشێكی كارەبای بەرهەمهاتوو، بە رێژەی 15 بۆ 20% ون دەبێت و دیار نامێنێت، لە پڕۆژەی رووناكی ئەوە نامێنێت و هیچ بڕە وزەیەك بەفیڕۆ ناڕوات، ئەوەش وا دەكات كێشە لە بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبا دروست نەبێت.
لەوبارەوە حەمەئەمین هەورامانی راوێژكاری وزە بە "وشە"ی راگەیاند، لایەنێكی بەهێزی پڕۆژەی رووناكی ئەوەیە كە وزەی ونبوو نامێنێت، پێشتر گرفتێك هەبوو لەو سیستمەی ئێستە، بەتایبەتی پێوەرە كۆنەكە، ئەوە بوو كە بەشێكی كارەبای بەرهەمهاتوو ون دەبوو، ئەوەش وای دەكرد كە هەرچەندە بەرهەم زۆر بێت، گرفت دروست دەكات، ئەو بەشەی ون دەبوو یان بەفیڕۆ دەچوو دیارنەدەما و هیچ سوودێكی نەبوو، بەڵام لە پڕۆژەی رووناكی ئەوە نامێنێت و ئەو گرفتە چارەسەر دەبێت، كارەبای بەرهەمهاتوو بە تەواوی دابەش دەكرێت.
روونی كردەوە، لایەنێكی تری گرنگی پڕۆژەی رووناكی ئەوەیە كە هەمووان بە بێ جیاوازی سوود لە كارەبا وەردەگرن، هەموو ماڵ و هاوبەشێك كارەبای پێ دەگات، هەروەها ناوچەكانی تر رووناك دەكرێنەوە، بەفیڕۆدانی كارەباش نامێنێت، پڕۆژەی رووناكی خۆی بە ناوی خۆیەتی، واتە رووناككردنەوەی كوردستانە بە كارەبا، هەمووان ئەوەیان پێ دەگات.
لای خۆیەوە عەلی یووسف شارەزا لە بواری كارەبا بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، پڕۆژەی رووناكی مادام دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتییە بۆ هاووڵاتییان، پڕۆژەیەكی گرنگە، ئەوەی گرنگە كوردستان لەو دۆخەی ئێستە رزگاری بێت و هاووڵاتییان چیتر چاویان لە كارەبایەكی باش بێت كە خزمەت بە خەڵك بكات.
روونی كردەوە، هەرچەندە نرخی كارەبای سیستمەكە دیاری نەكراوە و ئەوەی لەسەری دەگوترێت راست نییە، بەڵام هەوڵ بدرێت رەچاوی دۆخی هاووڵاتییان بكرێت لەوەدا، ئەوەش خزمەتێكی تر دەبێت بە هاووڵاتییان كە باری سەر شانیان ئاسان بكرێت.
پێشتر ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاندبوو، پڕۆژەكە گرنگ و ستراتیجییە و بۆ خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە، هاووڵاتییان دەتوانن لە هەر شوێنێك بێت سوود لەو پڕۆژەیە وەربگرن، هەروەها باسی لەوەش كرد لەوكاتەدا هیچ نرخێك بۆ پڕۆژەی رووناكی دیاری نەكراوە.
پێویستە بگوترێت كە پڕۆژەی رووناكی یەكێكە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە پێشتر مەسروور بارزانی بەڵێنی بە هاووڵاتییانی كوردستان دابوو كارەبای بەردەوامیان بۆ دابین بكات، ئێستە لە چەندین گەڕەك دابین كراوە و بڕیار وایە تا ساڵی 2026 كوردستان ببێتە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی و لە دووكارەبایی و مۆلیدەی گەڕەكەكان رزگاری ببێت، كە بەهۆیەوە ژینگەیان پیس دەكرد و ژاوەژاو و جەنجاڵییان دروست كردبوو.
وشە/ هۆشیار عەلی