عەقید ئەحمەد كەرەمی ئەسەد، سەرۆكی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رای گەیاند، لە دوێنێوە 45 كەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە و هەزار و 161 كەسی تریش بریندار بوون.
جووڵەی هاتوچۆ لە چەند رۆژی رابردوو و بە دیاریكراوی لە دوێنێوە بەرەو باكوری وڵاتەكە، بووەتە هۆكاری جەنجاڵییەكی زۆری هاتوچۆ، ئەمەیش بەهۆی نزیكبوونەوەی سەری ساڵی نوێی ئێرانی و جەژنەكانی نەورۆزەوەیە.
لای خۆیەوە ناوەندی ئیدارەی رێگاوبانەكانی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، جووڵەیەكی چڕی هاتوچۆ لە ناوچەكانی باشووری ئێرانەوە بە ئاڕاستەی باكوری وڵاتەكە هەن لە رێگەی سەرەكیی چالووس لە پارێزگای مازندەران.
سەرۆكی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران، لەبارەی هۆكاری سەرەكیی رووداوەكانی هاتوچۆوە رای گەیاندووە، بەكارهێنانی مۆبایل لەكاتی لێخوڕیندا دیاریترین هۆكاری دروستبوونی رووداوەكانی هاتوچۆن.
جێگەی ئاماژەیە پێشووتریش مەسعوود پزیشكیان رەخنەی توندی لە زیادبوونی حاڵەتەكانی رووداوی هاتوچۆ گرت و ئاماژەی دا، ساڵانە 17 هەزار ئێرانی بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆوە گیان لەدەست دەدەن، ئەمە لە كاتێكدایە ئاماری ساڵی رابردوو ئەوە نیشان دەدات رێژەی گیان لەدەست دان بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە نزیكەی 20 هەزار كەس.