سەرچاوەكانی ئاگادار لە فەلەستین ئاشكرایان كردووە، لە هێرشەكەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزەی فەلەستین، ژمارەیەك سەركردەی باڵای بزووتنەوەی حەماس كوژراون. ئیسرائیلیش دەڵێ چالاكییە سەربازییەكانیان لە غەزە بە نهێنی دەمێننەوە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 18ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، سەرچاوەكانی فەلەستین لەبارەی هێرشەكانی دوێنێی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، كوژرانی "ئەبو عوبەیدە جەماسی"یان پشتڕاست كردووەتەوە كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و بەرپرسی لیژنەی فریاكەوتنی بزووتنەوەكەیە.
ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە لە هەمان هێرشدا "عەمید بەهجەت حەسەن ئەبو سوڵتان" كوژراوە، ئەویش بەرپرسی چالاكییەكانی ناوەوەی غەزەیە. هەروەها "عیسام دەعالیس" كە ئەویش ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حەماسە، بەهەمانشێوە لە هێرشەكاندا كوژراوە.
لەلایەكی تریشەوە میدیاكانی حەماس، كوژرانی "مەحموود ئەبو وەتفە"یان راگەیاندووە كە بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حەماسە، ئەویش لە هێرشەكانی دوێنێی ئیسرائیل كوژراوە.
پێگەی "ئەكسیوس"یش لەسەر زاری بەرپرسێكی ئیسرائیلی بڵاوی كردووەتەوە، ئیسرائیل لە چالاكییە سەربازییەكانی بۆ سەر غەزە بە نهێنی بەردەوام دەبێت و ئەو بزووتنەوەیە تووشی شۆك دەكات.
بەرپرسە ئیسرائیلییەكە ئەوەشی گوت، ماوەی چەند رۆژێك بوو حەماس خۆی بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل ئامادە كردبوو، بەرلە هێرشەكەی ئەوان، ئیسرائیل هێرشەكانی ئەنجام داوە كە جیا لە كوژرانی ئەو سەركردانەی حەماس، هاوكات دەیان چەكداری ئەو بزووتنەوەیە لەو هێرشانەدا كوژراون.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكۆستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی نزیكەی 48 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 111 هەزار كەسیش بریندار بوون.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.
ئێوارەی چوارشەم 15ی كانوونی دووەم، بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە ناوەندگیریی قەتەر، ئەمەریكا و میسر، ئاگربەستیان ڕاگەیاند و یەكشەم 19ی مانگ چووە بواری جێبەجێكردنەوە كە رێككەوتنەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت.