مای ساتۆ نوێنه‌ر و ڕێپۆرته‌ری تایبه‌تیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له‌سه‌ر بابه‌تی مافه‌كانی مرۆڤ له ئێران، راپۆرتێكی بڵاو كرده‌وه و ئه‌وه پشتڕاست كراوه‌ته‌وه كه نیوه‌ی ئه‌و زیندانییه سیاسییانه‌ی له ئێران له ماوه‌ی 13 ساڵدا له سێداره دراون، كوردن.
راپۆرته‌كه له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی ئێران پێشوازیی لێ كراوه، له راپۆرته‌كه‌دا تیشك خراوه‌ته سه‌ر له‌سێداره‌درانی به‌رفراوان و ئامانجداری كه‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له ئێران، پێشانی ده‌دات كۆماری ئیسلامیی ئێران، سێداره وه‌ك ئامرازێك به‌مه‌به‌ستی كوشتن، چه‌وساندنه‌وه و ترساندنی رێكخراوانه به‌تایبه‌ت له دژی كورد، به‌لووچ و عه‌ره‌به‌كان به‌كار دێنێت.
راپۆرته‌كه پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نی مافه‌كانی مرۆڤی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كراوه، تێیدا هاتووه 49%ی زیندانییانی سیاسی له‌سێداره‌دراو له ئێران له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 2010 تا 2023دا، له نه‌ته‌وه‌ی كورد بوون. هه‌روه‌ها 29% له هاووڵاتییانی به‌لووچ و 16% له هاووڵاتییانی عه‌ره‌ب و 6% له كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و پێكهاته‌كانی تر بوون.
به‌گوێره‌ی رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، ئه‌و ئاماره نیشانه‌یه‌كی ئاشكرا له تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تییه. كۆماری ئیسلامیی ئێران به گرنگینه‌دان به بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ، نه ته‌نیا به چه‌وساندنه‌وه‌ی ڕێكخراوانه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه درێژه ده‌دات، به‌ڵكو سێداره به ئامرازێك بۆ له‌ناوبردنی ناسنامه و مافی ژیان داده‌نێت.
له‌و ڕاپۆرته‌دا ئاماژه به چه‌وساندنه‌وه‌ی به‌رفراوانی دژبه‌ران، ژنكوژی، ده‌ستبه‌سه‌ركردنی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی چالاكانی مه‌ده‌نی، ئازاردانی بنه‌ماڵه‌ی دادخوازان و زیاتربوونی گوشاره‌كان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كراوه.
جێی باسه رێكخراوه‌كه داوای له ئه‌نجوومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رجه‌م ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه بۆ ڕاگرتنی ئه‌و تاوانانه هه‌نگاوی رژد بنێن. له‌سێداره‌درانه به‌رفراوانه‌كان، پێشێلكردنی ڕێكخراوانه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌رده‌وامیی چه‌وساندنه‌وه‌كان، ده‌یسه‌لمێنن كه له كۆماری ئیسلامیی ئێران نه ته‌نیا ڕیفۆرم ناكرێت، به‌ڵكو به‌شێوه‌ی ئه‌نقه‌ست سیاسه‌تی له‌ناوبردنی جه‌سته‌یی و كولتووریی كه‌مینه‌كانی ره‌چاو كردووه.