ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، رێوڕه‌سمی چوارشه‌مه‌سووری به‌ڕێوه ده‌چێت، رێوڕه‌سمه‌كه هه‌موو ساڵێك رۆژێك به‌ر له دوایین چوارشه‌می ساڵی كوردی له دوای نیوه‌ڕۆكه‌یه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و تا دره‌نگانی شه‌و درێژه ده‌كێشێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 18ی ئاداری 2025، هاوكاته له‌گه‌ڵ 28ی ره‌شه‌مێی ساڵی 2724ی كوردی و سبه‌ی چوارشه‌م به دوایین چوارشه‌می ساڵی كوردی هه‌ژمار ده‌كرێت، رۆژی هه‌ینی 21ی ئادار یه‌كه‌م رۆژی نه‌ورۆز و ساڵی نوێی 2725ی كوردییه.
چالاكییه‌كان و رێوڕه‌سمه‌كانی پێشوازی له نه‌ورۆز و ساڵی نوێی كوردی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ماوه‌ی زیاتر له مانگێكه ده‌ستیان پێ كردووه و له شار و شارۆچكه و گونده جیاوازه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به كردنه‌وه‌ی ئاگر و هه‌ڵپه‌ڕكێ و له‌به‌ركردنی جلی كوردی، پێشوازییان له ساڵی نوێ كردووه و رێوڕه‌سمه‌كان زۆر گه‌رموگوڕتر له ساڵانی رابردوو به‌ڕێوه‌چوون.
ئه‌مساڵ نه‌ورۆزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به نه‌ورۆزی خاكیپۆشان ناودێر كراوه و له‌به‌ركردنی جلوبه‌رگی خاكی كه هێمای پێشمه‌رگه‌یه، بووه‌ته مۆدێل و كچان و كوڕان ده‌یپۆشن. گه‌وره‌ترین رێوڕه‌سمی نه‌ورۆز هه‌ینی رابردوو له ساحێوی سه‌قز به‌ڕێوه‌چوو كه زیاتر له 30 هه‌زار كه‌س به‌شدار بوون، له زۆربه‌ی شاره‌كانی تر رێوڕه‌سمی پێشوازی له نه‌ورۆز به‌ڕێوه‌چوون. دوێنێ له شنۆ و مه‌هاباد بۆ جاری دووه‌م نه‌ورۆز پیرۆز كرا و خه‌ڵك به جلوبه‌رگی كوردی و خاكی و له‌ملكردنی جامانه، پێشوازییان له نه‌ورۆز كرد. بڕیاره ئه‌مڕۆ رێوڕه‌سمێكی گه‌وره له ورمێ به‌ڕێوه بچێت.
به‌گوێره‌ی نه‌ریتێكی كۆنی كورده‌واری و به‌شێك له گه‌لانی نیشته‌جێی ئێران، هه‌موو ساڵێك چه‌ند رۆژێك به‌ر له هاتنی ساڵی نوێ و ده‌ستپێكردنی جه‌ژنی نه‌ورۆز، رێوڕه‌سمێكی تایبه‌ت به ناوی چوارشه‌مه‌سووری به‌ڕێوه ده‌چێت. چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌مڕۆ گه‌رموگوڕتر له ساڵانی رابردوو بۆنه‌ی چوارشه‌مه‌سووری به‌ڕێوه بچێت كه یه‌كێكه له بۆنه‌كانی پێشوازی له نه‌ورۆز.
رێوڕه‌سمه‌كه سه‌ره‌تا به به‌خشینی دیاری به منداڵان له دوای نیوه‌ڕۆدا ده‌ست پێ ده‌كات. منداڵانی گه‌ڕه‌ك له كاتێكدا تووره‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه، ماڵ به ماڵ ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی دیاری‌یان پێشكه‌ش بكرێت. پێدانی هێلكه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ، كێك و بسكیت، چپس و گوێز، سنجوو، برێشكه و پاره، ئه‌و دیارییانه‌ن كه ده‌درێنه منداڵان. له گونده‌كان رێوڕه‌سمه‌كه گه‌رموگوڕتر له شاره‌كان ده‌كرێت.
منداڵان دروشم و هۆنراوه‌ی تایبه‌تی ده‌ڵێنه‌وه كه له باب و باپیرانیان بۆیان ماوه‌ته‌وه. "سه‌ری ساڵێ و بنی ساڵێ، خوا پێتان بێڵێ گه‌وره‌ی ماڵێ."، "هه‌نووكان و مه‌نووكان.. دایك و باوكی جندووكان.. ناردوویانم بۆ هێلكان."
له‌گه‌ڵ تاریكبوونی كه‌شوهه‌وا له سه‌رجه‌م گوند و گه‌ڕه‌ك و شارۆچكه‌كان ئاگر ده‌كرێته‌وه. دواتر گه‌نجان و ته‌نانه‌ت كه‌سانی به ته‌مه‌نیش به رێكخستنی نمایش و رازاندنه‌وه‌ی "شه‌مۆ" و هه‌ندێك جاریش به له‌به‌ركردنی جلوبه‌رگی ژنان و سه‌ماكردن، له كاتێكدا ده‌مامكیان پۆشیوه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ناسرێنه‌وه، ماڵ به ماڵ ده‌گه‌ڕێن و له به‌رانبه‌ر به‌خشینی خۆشی و شادی، دیاری وه‌رده‌گرن.
پێشتر كه سه‌ربانه‌كان نزم بوون و سه‌قفی هه‌موو ماڵێك كولانه‌یه‌كی تێدابوو، گه‌نجان له سه‌ربانه‌وه پشتێندیان شۆڕ ده‌كرده‌وه و داوای دیاری‌یان ده‌كرد. ئه‌وانه‌ش هۆنراوه‌ی تایبه‌ت به خۆیان ده‌گوته‌وه. "جاڵجاڵۆكه به حه‌واوه.... سه‌دوسی سوار راوه‌ستاوه.... خوا كوڕه‌كه‌تان بكات به زاوا."
له خواره‌وه‌ش خاوه‌ن ماڵ به پێشكه‌شكردنی دیاری ره‌نگاوڕه‌نگ چوارشه‌مه‌سووری پیرۆز ده‌كه‌ن. چوارشه‌مه‌سووری ده‌رفه‌تێكی زۆر له‌باره بۆ كیژان و كوڕانی گه‌نجیش بۆ ئه‌وه‌ی له‌م شه‌وه‌دا دیاری پێشكه‌ش به یه‌كتر بكه‌ن و په‌یمانی خۆشه‌ویستی نوێ بكه‌نه‌وه.
ساڵانه حكوومه‌تی ئێران بۆ به‌ڕێوه‌بردنی رێوڕه‌سمه‌كه له‌مپه‌ر دروست ده‌كات، به‌ڵام به درێژایی مێژوو هیچ له‌مپه‌رێك خه‌ڵكی له به‌ڕێوه‌بردنی بۆنه نه‌ته‌وه‌یییه‌كان سارد نه‌كردووه‌ته‌وه.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌ریته كۆنانه یاریی ئاگری ده‌كرێت و ته‌ره‌قه‌ی جۆراوجۆر ده‌ته‌قێنرێته‌وه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته مایه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر خه‌ڵك، به‌ڵام له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چالاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی خه‌ڵكیان له‌و مه‌ترسییانه ئاگادار كردووه‌ته‌وه و داوایان كردووه، به هه‌ڵپه‌ڕكێ و شایی بۆنه‌كه پیرۆز بكه‌ن، له ته‌ره‌قه و یارییه ئاگرینه‌كان دوور بكه‌ونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هیچ رووداوێكی دڵته‌زێن جه‌ژنه‌كه‌یان لێ تێكنه‌دات.
به‌گشتی رێوڕه‌سمه‌كان بوونه‌ته ده‌رفه‌تێكی زێڕین بۆ پته‌وتركردنی ریزه‌كانی گه‌لی كورد و پێداگریی هاووڵاتییانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له به‌دیهێنانی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان.