لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئێران بەرەوڕووی زنجیرەیەک پاشەکشە بووەوە، حەماس و حزبوڵای لبنان /هاوپەیمانی ناوچەیی نا-دەوڵەتی لە مێژینەی تاران/، لەلایەن ئیسرائیلەوە لاواز کران. حوکمی بەشار ئەسەد لە سوریا، لەناکاو بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش داڕما. لە لایەکی ترەوە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و هاوکات بووژانەوەی سیاسەتی "زۆرترین گوشار" کە ئابووری ئێرانی لە 2018ـەوە پەک خستووە، ئەو پرسیارە دێنێتە ئاراوە ئاخۆ ئەمجارە ئێران دەتوانێ خۆی ڕزگار بكات؟
ڕیچارد هاس لە مانگی كانوونی دووەمی ڕابردوودا لە گۆڤاری "فۆرن ئەفێرز" ئاماژەی بەوە کردبوو کە "ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر لاوازە و لە مەترسیدایە، پێدەچێت لە دوای شەڕی 10 ساڵەی لەگەڵ عێراق یا تەنانەت لە شۆڕشی 1979وە قەت هێندە لاواز نەبووبێ." بەپێی ئەم بۆچوونە، ئێران دەرفەتی زێڕینی پێشکەش نەیارانی خۆی کردووە بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان یان سازشی گەورە بۆ ڕێککەوتنی نوێ.
بەڵام تاران لەسەر ئەو باوەڕە باوە نییە کە ئێستە زیاتر لە بەردەم گوشاری زۆرەملێی ئەمەریکا یا هێرشی ئیسرائیلدا بێت، بگرە کۆماری ئیسلامی ئەم ئاڵنگارییە دەرەکیانە وەک "پاشەکشەی کاتی" تەماشا دەکات، نەک نیشانەی شکست.
لە ڕوانگەی ئێرانەوە، حەماس و حزبوڵا سەرەڕای زەبری توند، بەڵام وەک براوەی ململانێی ناهاوسەنگ دژی ئیسرائیل سەیر دەكرێن. ئەوان وەک ڕێکخراوی گەریلا دژی سوپایەكی بەهێز کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگیری دەکرا، جەنگاون. بە شێوەیەکی بەرچاو، حەماس لانیکەم هەندێک جەماوەریبوونی لەناو فەلەستینییەکاندا پاراستووە و حزبوڵایش بەردەوامە لە پشتیوانی شیعەکانی لبنان.
لە یەمەن، حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران، بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و تێکدانی کەشتیوانیی دەریای سوور، ڕۆڵی خۆیان وەک لایەنگرێکی سەرسەختی دۆزی فەلەستین و ئەندامێکی سەرەکی بەناو "بەری مقاوەمە"ی سەر بە تاران، سەلماندووە.
هێشتا ئێران تێدەگات كە تۆڕی هاوبەشەکانی ئەمڕۆی بەراورد بە پێش هێرشەکانی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر ئەوەندە بەهێز نییە،.بەڵام بەهۆی کەوتنی لە ناکاوی ئەسەدەوە نیگەرانییەکانی زیاتر بووە، بۆیە هەنگاوی ناوە بۆ بەهێزکردنی پشتیوانیی ناوخۆیی خۆی بە پێدانی ئیمتیازاتی سنووردار بۆ دانیشتووانە بێزارەكەی لە حوکمڕانی تاکڕەوانە و تیۆکراتی، هەر ئەمەیە جێبەجێکردنی یاسای جلوبەرگی ناچاریی ژنانی ئاسان کردووە و دەركەوتنی لە سۆشیال میدیا ڕەخساندووە، ئەمەیش ڕێگەی بە گفتوگۆی ڕەخنەگرانەتر لە سیاسەتەکانی حکوومەت داوە. کۆماری ئیسلامی بەم کارە هیوادارە بتوانێت مەترسییەکانی شڵەژانی ناوخۆ کەم بکاتەوە و متمانەی گشتیی پەرە پێ بدات. بەڵام نابێت ئەم گۆڕانکارییە ناوخۆییانە وەک پێشبینیکەری کرانەوەی گەورە بەرەو ڕۆژئاوا تێبگەین، چونكە ئامانجی چاکسازییە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران، بە دەستهێنانی پشتیوانیی ناوخۆییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوشارەکانی دەرەوە.
ئێستە ترەمپ پێشنیاری دانوستانی کراوەی لەگەڵ تاران کردووە، بەڵام ئامادەیشی بۆ هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە دەربڕیوە، لە بەرانبەردا تاران دەیەوێ بەو كرانەوە كاتییانە خەڵک لە پشتی بن یان لانی کەم ناڕەزایی جەماوەریی كەم بێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی هەر شتێک بگرێت کە سەرۆکی ئەمەریکا نیازی بێت لە دژی بیكات.
هۆشداری لە دیمەشقەوە
ڕەنگە ئیسرائیل ئاهەنگی سەرکەوتنە سەربازییەکەی بەسەر حەماس و حیزبوڵادا بگێڕێت، بەڵام ئێران تا ئاستێك خەمی ئەو دوو ڕێکخراوەی نییە. سەرەڕای ئەو زیانە وێرانکەرانەی هەریەکەیان تووشی بوون، تاران پێشبینی دەکات حەماس و حزبوڵا خۆیان بنیات بنێنەوە و پشتگیریی بنەڕەتی و ڕقیان لە ئیسرائیل بەهێزتر بێت، تەنانەت پێی وایە مردنی یەحیا سینوار سەرۆکی حەماس و حەسەن نەسروڵا سەرۆکی حیزبوڵا، پابەندبوونە ئایدیۆلۆجییەکانی ڕێکخراوەکەیان بەهێزتر بکات و بۆ ساڵانی داهاتوو لەناو جەماوەرێکی زیاتری هاوسۆزدا ڕەنگدانەوەی هەبێت.
بەڵام دەرهاویشتەکانی کەوتنی ئەسەد بۆ ئێران قورسن، سەرباری ئەوەی ناپەسەندی سەرۆکی پێشووی سوریا بە شێوەیەکی بەرفرەوان لەناو گەلەكەدا ناسێنرا، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی خێرای سوپای سوریا، بۆ سەرکردەكانی ئێرانی چاوەڕوان نەکراوبوو. بەگوتەی عەباس ئێڕاقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، دەزگای هەواڵگری کۆماری ئیسلامی "بە تەواوی ئاگاداری" هەڕەشەی تەناهی بوو لە نزیکترین کاتدا لە دژی ئەسەد، بەڵام سەرەڕای ئەوە، تاران سەری سوڕما لە بێ توانایی سوپای سوریا لە بەرپەرچدانەوەی هێزە یاخیبووەکان.
بەرپرسانی ئێران بەشێکی هۆی هەڵوەشاندنەوەی سوپای ئەسەد بۆ "شەڕی دەروونی" دەگەڕێننەوە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە، لەوانە ئیسرائیل، تورکیا و ئەمەریکا، بەڵام ئێراقچی بەشێک لە تاوانەکانیشی خستە ئەستۆی بێ بایەخی ئەسەد بۆ ڕای گشتیی. ئێراقچی بانگەشەی ئەوەی کرد كە ئێران "بە بەردەوامی" ئامۆژگاری ئەسەدی کردووە ورەی سوپا بەرز بکاتەوە و "زیاتر کارلێک لەگەڵ خەڵکدا بکات، چونکە ئەوەی لە کۆتاییدا مانەوەی حکوومەتێک مسۆگەر دەکات، خەڵکە". بەڵام وەک ئێراقچی ئاماژەی پبەوەدا،ئەسەد لەوەدا شکستی هێنا.
هەڵوەشاندنەوەی لەناکاوی سوریا، دڵەڕاوکێی گشتی لەناو ئێراندا لێکەوتۆتەوە،هەروەها سەرکوتکردن و گەندەڵی بەردەوامیش درزی لە نێوان حکومەت و دانیشتووانەکەیدا دروستکردووە. لە مانگی کانونی دووەم، عەباس ساڵحی، وەزیری ڕۆشنبیری و ڕێنمایی ئیسلامی ئێران، لە دەرەوە دانی بەوەدانا کە تاران ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی توندی "سەرمایەی کۆمەڵایەتی" بووەتەوە، بەو پێیەی متمانەی گشتی بە حکومەت دابەزیوە. محەممەد خاتەمی سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران هۆشداریی دا لەوەی کۆماری ئیسلامی بەهۆی لە بەرچاو نەگرتن و بێبایەخکردنی ناڕەزایی گشتی مەترسی "خۆ وێرانکردنی"ی لەسەرە. لە سەرانسەری تەوژمی سیاسی ئیراندا،دەستەبژێرە ئێرانییەکان تادێت لەسەر پێویستی بەپەلەی بنیاتنانی خۆڕاگری ناوخۆیی کۆکن.
بەم پێیە حکومەتی ئێران بەشێک لە سنووردارکردنەکانی ئاسایی کردووەتەوە. لە هەمووی گرنگتر، لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێکردنی یاسایەکی نوێی باڵاپۆشی مشتومڕاوی وەستاند کە سزای دارایی و سزای زیندانیکردن و سزای دیکەی وەک قەدەغەکردنی گەشتکردن بەسەر ئەو ژنانەدا دەسەپێنێت کە بەبێ سەرپۆش لە بەردەم خەڵکدا دەردەکەون یان بە جلوبەرگی "نادروست" دەردەکەون. سەرەڕای داوای هەندێک لە کۆنسێرڤەتیڤە توندەڕەوەکان بۆ جێبەجێکردنی توندی یاسای جل و بەرگی وڵاتەکە و ناوبەناو سەرکوتکردنی ئامانجدار لەلایەن حکومەتەوە بۆ هێورکردنەوەی بنکە ئاینییەکەی، ئێستا ژنان دەتوانن بە بێ حیجاب دەربەکەون لە شوێنە گشتییەکاندا و بێترس لە تۆڵەسەندنەوەی توندوتیژانە. و تەنانەت توندڕەوەکانیش بە تەواوی یەکگرتوو نین لە ئۆپۆزسیۆن بونەکەیاندا: لە ١٥ی ئازاردا، پەرلەمانتاری کۆنسێرڤەتیڤ مەحمود نەباویان، دانی بە ترسەکانیدا نا سەبارەت بە "سوریانیزەیشن"ی ئێران وەک پاڵنەرێک لە پشت ڕاگرتنی یاساکە و هاوڕا بوو کە پێویستە "یاساکە بخرێتە ئەگەر سیستەمەکە تێکبدات".
هەشاندنەوەی لەناکاوی سوریا بووەتە هۆی دڵەڕاوکێی گشتی لەناو ئێراندا
ئەم پێشهاتە ڕەنگدانەوەی دانپێدانانێکی بێدەنگی دەوڵەتە کە حیجاب پۆشین ناکارایە و لانیکەم بۆ ئێستا کرداری نییە. هەروەها ئەمە دوای سێ ساڵ دێت لە مردنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئەخلاقدا دوای دەستگیرکردنی بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی دروست حیجابی نەپۆشیبوو. مردنی ئەمینی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ناڕەزایەتی جەماوەری شەقامەکانی لێکەوتەوە، کە ئێران بە توندوتیژییەکی بێوچان کۆتایی پێهێنا. سەرەنجام کۆماری ئیسلامی بۆ کەمکردنەوەی گرژیەکان بەشێوەیەکی کاتی پۆلیسی ئەخلاقی لە شەقامەکان دوورخستەوە. ئێستا پێدەچێت تاران زیاتر ئامادەبێت بەرگەی جێبەجێکردنی سوککردن و ئاسانکردنی یاساکانی حیجاب پۆشین بکات، بەمەرجێک ئەم گۆڕانکارییە بەرەو بزووتنەوەیەکی سیاسی فراوانتر پەرە نەسەنێت کە ئاڵنگاری خودی ڕژێم بکات.
سەرباری ئەم وەستانە، کۆماری ئیسلامی هەوڵی ڕێگەدان دەدات بە گفتوگۆی تاڕادەیەک کراوە و ڕاشکاوانە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆییدا،بۆ ئەوەی ڕەزامەندی خەڵک بەدەستبهێنێت. ئێستا پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا کە لە ئێراندا بەکاردەهێنرێن، میوانداری کۆمەڵێک شرۆڤەکاری جۆراوجۆر دەکەن، لەوانەش دەنگی سەربەخۆ و ناڕازی، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات. حکومەت بەردەوامە لە پێشخستنی پلاتفۆرمەکانی پەیوەست بە دەوڵەتەوە بە هێمنی و بۆ ئەوەی بەرگریکاری سەربەخۆ بۆ ڕژێم زۆربن. بەڵام باسە ئۆنلاینەکان سەبارەت بە یاسای باڵاپۆشی و داڕمانی ئەسەد و پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییە فراوانەکان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ڕاشکاوانە وورد بەرباس دەخرێن. هەندێک لە شرۆڤەکاران بە ئاشکرا سەرکردایەتی ئێران بە کارەساتێک بۆ وڵاتەکە ڕەچەتە دەکەن.
لە سەرەتادا ڕەنگە سەیر بێت کە ئێران لە پێناو سەقامگیریدا ڕێگە بدات خەڵک گوێیان لە شرۆڤەی دژە ڕژێم بێت. بەڵام تاران هیواخوازە بە کردنەوەی فەزای ناوخۆیی، بتوانێت دۆخێکی بێ مەترسی بۆ بێزاری گشتی دابین بکات و سەرنجی میدیا نێودەوڵەتییەکان وەک بی بی سی کەم بکاتەوە کە زیاتر لە دەنگەکانی ئێران ڕەخنە لە کۆماری ئیسلامی دەگرێت. ڕژیم پێشتر لە چرکەساتێکی ناجێگیردا ڕووی لەو ستراتیژە کردووە. لە لوتکەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا، هانی کەسایەتییە پێشتر قەدەغەکراوەکانیدا لە تەلەفزیۆن دەربکەون، بەو هیوایەی ڕەخنەکانیان ناڕەزایی گشتی لە شەقامەکان دوور بخاتەوە. ئەمجارەیان تاران پێی وایە کە ڕەوتی زانیاری تاڕادەیەک ئازاد ئەگەر بە وردی بەڕێوە ببرێت، دەتوانێت لە دوورمەودادا چیرۆکی ڕژیم سەبارەت بە ئاسایشی نەتەوەیی بەهێز بکات.
ڕێکخستنی ناوماڵ بە ڕێکوپێکی
سەرکردەکانی ئێران هیوادارن کە بەڕێوەبردنی سەقامگیری ناوخۆیی لە ڕێگەی چاکسازیی ناسەراپاییەوە، کەشێکی گونجاو بۆ مشتومڕێکی نیشتمانی لەسەر پرسە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوە، وەکوو ناکۆکییە ئەتۆمییەکە دروست بکات،کەشێک کە پێی وایە یەکێتی نیشتمانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت لە ئێراندا. لانیکەم کۆدەنگی نێوان نوخبەکان ئەوەیە کە مشتومڕێکی لەو شێوەیە پێگەی دانوسانی حکومەت بەرز دەکاتەوە لە بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا ،کە بتوانێت نیگەرانییەکانی واشنتۆن چارەسەر بکات لەبارەی بەچەککردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە،بەڵام لئەمە کۆتایی ناهێنێت بە پیتاندنی یۆرانیۆم، سنووردارکردنی چەکی ئاسایی، یان لاوازکردنی بەرەی بەڕەنگاری.بەڵام لە کۆتاییدا ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان تەنیا دەرگایەک بۆ نەیارانی وەک ئەمریکا دروست دەکەن کە درزەکانی ناو کۆمەڵگەی ئێران وەک نیشانەی لاوازی ببینن.
بۆ سەرکردەکانی ئێران، دروستکردنی یەکگرتوویی لەو شێوەیە بەتایبەتی لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی واشنتنندا گرنگە. بۆ نموونە ئیدارەی بایدن هەوڵیدا کەڵک وەربگرێت لەو زیانە ئابوورییەی کە هەڵمەتی زۆرترین فشاری ترەمپ دروستی کردبوو بۆ دەستەبەرکردنی "ڕێککەوتنێکی درێژتر و باشتر" لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشتری ئێران، کە پلانی کاری تۆکمەی هاوبەشی ساڵی ٢٠١٥ بوو. بەڵام ئێران کە بە پێوەرێک لە یەکگرتوویی ناوخۆیی لە بەرامبەر هەڕەشەیەکی دەرەکیی ئەمریکادا بەهێزتر بوو، هەڵوێستێکی پڕ موزایەدەی سەختتر لە پێشووتری گرتەبەر.بە لەبەرچاوگرتنی باوەڕی ئیدارەی ترەمپ کە ئێران لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە لاواز بووە، پێدەچێت سەرۆک پێیوابێت دەتوانێت ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران مسۆگەر بکات کە هێندەی تر لەبارتر بێت بۆ ئەمریکا. ئەگەر نەتوانێت،ئەوا ترەمپ پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز دەبات. ترامپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە مانگی ئازاردا بە عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێرانی وتووە"دوو ڕێگە هەیە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکرێت، ئەوانیش یان سەربازییە،یان ڕێککەوتنێک دەکەیت". ترەمپ هەروەها ڕایگەیاندووە، ئیدارەکەی "لە ئانوساتی ڕووبەڕووبونەوەی ئێراندایە". بۆ ئێرانیش، هەبوونی جەماوەرێک وەک پشتیوان بۆ بەرگەگرتنی ئەم زریانە ئەمەریکییە زۆر گرنگە.
بێگومان هەڕەشەکانی ترەمپ دیسانەوە دەتوانن بەسبن بۆ دروستکردنی یەکگرتوویی ناوخۆیی. بەڵام نموونەی ئەسەد لە مێشکیاندا، وادەکات سەرکردەکانی ئێران هیچ شتێک نەدەنە دەست ڕێکەوت.ڕاوێژکاری محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی کۆنەپارێزی پەرلەمانی ئێران، لەسەر پالتفۆرمی ئێکس نووسیی"بیر لەم بابەتە بکەرەوە: لەو ڕۆژەی ڕووبەڕووبوونەوە ڕوودەدات، کۆمەڵگای ئێران تا چەند یەکگرتووە؟"کێ تاوانبار و بەرپرسیاری کێشەکانە لە چاوی خەڵکدا؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەوە دیاری دەکات کە چی خزمەتکردنەو چی ناپاکییە".
تاران بڕیاریداوە ڕێگری بکات لە دووبەرەکییە ناوخۆییەکان لە لاوازکردنی توانای وڵات بۆ بەرگەگرتنی فشارەکان. کرانەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییە سنووردارەکان وەک ستراتیژییەکی حیسابکراو کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لەوەی بێزاری گشتی پەرەبستێنێت بۆ نائارامی و پەرجەکرداری جەماوەری. ئەگەر ڕابردوو سەنگی مەحەک بێت، ئەم ڕێبازە دەتوانێت ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی بدات بۆ وێناکردنی هەر ململانێیەک لەگەڵ ئەمریکادا وەک بەرخۆدانی نەتەوەیەکی خاوەن سەروەری لە دژی زۆرەملێی دەرەکی نەک وەک خەباتێک بۆ مانەوەی ڕژێم. بەڵام ئەمە ئاماژە ناکات بە گۆڕانکاری لە ستراتیژی سەرەکی ڕژێم. تاران بە واتایەکی تر خەریکی دەست بەردار بونی چەندین دەیەی بەرەنگاریی نابێت.
محەمەد ئایەتوڵاهی تەبار
محەمەد ئایەتوڵڵاهی تەبار ئەندامی کۆلیژی کێنێدییە لە زانکۆی هارڤارد، پرۆفیسۆری هاوبەشی کاروباری نێودەوڵەتییە لە زانکۆی تەکساس لە سکوڵی بوش بۆ حکوومەت و خزمەتگوزاریی گشتی، هەروەها ئەندامە لە زانکۆی ڕایس لە پەیمانگای بەیکەر بۆ سیاسەتی گشتی. نووسەری کتێبی "دەوڵەتی ئاینی: سیاسەتی ئیسلام لە ئێران.
و: ڕامیار محمود
https://www.foreignaffairs.com/iran/can-iran-save-itself