وەزیری كارەبا: پارەی كارەبای 24 سەعاتی لە نرخی ئێستەی موەلیدە زیاتر نابێت

:: PM:04:14:18/03/2025 ‌
وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پڕۆژەی رووناكی رای گەیاند، ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەی رووناكی بۆ هاووڵاتییان دێتەوە، كەمترە لەو پارەیەی كە ئێستە دەیدەن بە موەلیدە و كارەبای نیشتمانی. 

پڕۆژەی رووناكی، كارەبای 24 سەعاتی بۆ هاووڵاتییانی كوردستان دابین دەكات، خەونێك بوو كە چەندان ساڵە هاووڵاتییانی كوردستان چاوەڕوانی دەكەن. 

ئەمڕۆ سێشەم 18ی ئادار، كەمال محەمەد وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، لە پڕۆژەی ڕووناكیدا كە كارەبای 24 سەعاتی بەو پڕۆژەیە دابین دەكرێت، هاووڵاتییان پارەیەكی كەمتر لە پارەی موەلیدە دەدەن.

"دڵنیایی دەدەین 90%ی هاووڵاتییان لە پڕۆژەی ڕووناكی پارەی زیاد نادەن، بۆیە پارەی پڕۆژەی ڕووناكی لە پارەی ئێستەی موەلیدە كەمتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگ دەبێت و ژینگەش پیس نەكات، بۆیە پێویستە لەگەڵ ئەو پڕۆژەیە بین و پشتیوانیی بكەین بۆ ئەوەی پڕۆژەكە بە ئەنجام بگات"، وەزیری كارەبا وای گوت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە ئەوانەی بە مەبەست دەیانەوێت لە بەهای پڕۆژەی ڕووناكی كەم بكەنەوە لای هاووڵاتییان، بە ئامانجی خۆیان ناگەن.

جگە لەوەی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان كە ئەو پڕۆژەیە لە سوودی هەمووان دەبێت، ئەوەیشی گوت، "هەمیشە پشتیوانی سەرۆك وەزیران و پڕۆژەكانی دەكەین و بەردەوام دەبین".



وشە - سه‌رخێڵ هاشم