سی ئێن ئێن: ترەمپ لە یەكەم گەڕ لەگەڵ پوتین شكستی هێنا

:: PM:06:01:19/03/2025 ‌

دوێنێ سێشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بۆ ماوەی دوو سەعات و نیو بە تەلەفۆن سەبارەت بە چەند پرسێك، بەتایبەتی پێشنیازی ئاگربەستێكی كاتی لە ئۆكراینا قسەیان كرد، تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی لەبارەی پێوەندییەكە و ئەنجامەكانی دووپاتی كردەوە كە ترەمپ شكستی هێنا.

دوای دوو مانگ لە هاتنی بۆ كۆشكی سپی و دوای گوشارەكانی سەر ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا بۆ رازیبوون بە ئاگربەستێكی كاتی لە ئۆكراینا، دوێنێ ترەمپ و پوتین بۆ یەكەمجار سەبارەت بە وەستانی شەڕەكە قسەیان كرد، تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ترەمپ لە یەكەم گەڕی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ كرملین شكستی هێنا.

بەپێی تۆڕەكە، پێوەندییە تەلەفۆنییەكە هیچ ئەنجامێكی وای نەبووە، جیا لەوەی پێشبینیكراو بوو بەوەی پوتین توانی توانای خۆی بۆ زاڵبوون بەسەر ترەمپ بە ئاسانی بسەلمێنێت، ترەمپ وای دەزانی دەتوانێت قەناعەت بە پوتین بكات و زیرەكانە بەسەریدا زاڵ بێت، كەچی لە یەكەم گەڕی هەوڵە دیپلۆماسییە راستەوخۆكانی بەرانبەر پوتین دۆڕاندی. 

لە پێوەنییەكەی دوێنێی هەردوو سەرۆك، ترەمپ پێشنیازی ئەوەی بۆ پوتین كرد ئاگربەستێكی كاتی بۆ ماوەی 30 رۆژ لە نێوان رووسیا و ئۆكراینا بێتە راگەیاندن كە كردنەئامانجی دامەزراوەكانی ژێرخانی وزە بگرێتەوە، لەوكاتەی ترەمپ رای گەیاند كە لە 19ی ئەم مانگە 175 دیلی جەنگ لە هەردوولا ئاڵوگۆڕ دەكرێن و ئەو ئەنجامەش لاوەكییە. 

شیكارییەكەی "سی ئێن ئێن"، باسی فیڵێكی رووسیا دەكات، بەوەی پوتین دووپاتی كردەوە كە هێرش ناكاتە سەر تۆڕی كارەبا و بۆرییەكانی غازی ئۆكراینا، كە چەند ساڵێكە وێرانی كردوون، كەچی ترەمپ باسی ئاگربەست لە كردنەئامانجی ژێرخانی هەردوولا دەكات، لەو كاتەی ئەستەمە رووسیا بەوە پابەند بێت و وەك بۆشاییەكە لە هەر رێككەوتنێكی ئاشتی لە داهاتوو، كە پاساو بە پوتین دەدات دەست بە شەڕ بكاتەوە و ئۆكراینا داگیر بكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل