فۆرن ئەفێرز: تورکیا بەرەو دیکتاتۆریەت دەچێت

:: PM:02:02:22/03/2025 ‌
تەنیا چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کاندیدی داهاتووی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی دیاری بکات، پاڵێوراوی سەرەکی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، گیرا و پۆلیس ڕاپێچی زیندانی کرد، ئەمە بە شێوەیەکی کاریگەر لە کێبەرکێی سەرۆكایەتیی دووری خستەوە. لەم کردەوە بێشەرمانەی سەرکوتی سیاسیدا، حکوومەتی تورکیا هەنگاوێکی گرنگی بەرەو ئیستبدادی تەواو نا.

پلانی وەدەرنانی ئیمام ئۆغڵو لە كێبەركێكە، بە وردی داڕێژرابوو. ڕۆژی سێشەمی ڕابردوو بە ئاماژەدان و بیانووی پێشێلکردنی ڕێساکانی دەستەی خوێندنی باڵا، زانکۆی ئەستەنبوڵ بڕوانامەی ئیمامئۆغڵوی هەڵوەشاندەوە، لە كاتێكدا بەپێی یاسا کاندیدانی سەرۆکایەتیی تورکیا دەبێت خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ بن، ڕۆژی دواتر ئیمامئۆغڵو بە تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر گیرا. بەڵام ئەم بڕیارانە تەنیا لەباربردنی خواستی ئەو نەبوو بۆ سەرۆکایەتیی لە ڕێڕەوی خۆی، بەڵکو پۆستەکەیشی هەڵوەشاندەوە وەک سەرۆکی شارەوانی گەورەترین شار و هێزی ئابووری تورکیا.

ساڵانێکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بەربەستەکانی بەردەم دەسەڵاتی خۆی لا دەبات و دەستکاری دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکات، بۆ ئەوەی بە سوودی هەڵبژاردنی حزبەکەی هاوکێشەکان بگۆڕێت، بەڵام تا ئێستە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا نەیانتوانی بوو کاندیدی بەهێز بۆ کێبەرکێ لەسەر دەسەڵاتەکەی بخە ڕوو. لە ئیمام ئۆغڵودا گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان پێیان وابوو کاندیدێکیان دۆزیوەتەوە بتوانێت لە کێبڕکێی ڕووبەڕوودا هەڵبژاردن لە ئەردۆغاندا بباتەوە، بەڵام حکوومەت بە وەدەرنانی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ لە کاروباری سیاسەت، ئەو هێڵەی بەزاند کە سیستمی کێبەرکێکاریی جیا بکاتەوە لە دەستبەسەرداگرتنی تەواو، هاوشێوەی ڕووسیا، /شێوازێک کە سەرۆک خۆی نەیارەکانی دیاری دەكات بۆ هەڵبژاردن/ و پرۆسەكە تەنیا بۆ نمایشە.

ڕێگا بەرەو ئیستبداد (ئۆتۆکراسی)

لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی دەسەڵاتدا، ئەردۆغان دامەزراوە دیموکراسییەکانی تورکیای هەڵوەشاندەوە و کۆنترۆڵی خۆی بەرەو سیستمێکی حوکمڕانی تاکەکەسی سەپاند. دوای هەوڵێکی کودەتای شکستخواردوو لەلایەن ئەفسەرەكانی سوپاوە لە 2016، ئەردۆغان و پارتەکەی کودەتاکەیان پێوەست کرد بە بزووتنەوەیەکەوە /خزمەت حەرەكەتی فەتحوڵا گولەن/ کە ئەندامەکانی ئەو بزووتنەوەیە لقەکانی دیکەی حکوومەت و داودەزگاکانیان پڕ کردبوو، بەڵام ئەوە هەلێك بوو لە ڕێگەیەوە ئەردۆغان سیستمی دادوەری خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە بە پاکتاوکردنی هەزاران دادوەر و جێگرتنەوەیان بە  دادوەرانی سەربە پارتەكەی کە ڕەوایەتی بە هەڵمەتەکانی سەرکوتکردن ئەدەن. میدیاکانیش دەمکوت کراون و ئێستە زیاتر لە 90%ی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا لەلایەن بازرگانانی لایەنگری حکوومەتەوە خاوەندارێتیی دەکرێن و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆیش بە شێوەیەکی بەردەوام زیندانی دەکرێن.

هێشتا وڵات هەڵبژاردنەکانی ئەنجام دەدات، بەڵام سیستمەکە زۆر چەقبەستووە، ئەمە دۆخێکی نموونەیی ئیستبدادی کێبەرکێکارە، دەسەڵاتێک لاسایی دیموکراسی دەکاتەوە و لە هەمانکاتدا بە شێوەیەکی سیستماتیک گۆڕەپانی یارییەکە لە بەرژەوەندی پارتی دەسەڵاتدار پاك دەكاتەوە. بەو شێوەیەیش هێشتا پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لە زۆر شار چالاکن، مشتومڕی ڕاستەقینەی گشتیی لەسەر سیاسەت هەیە و هەندێکجار کەسانی کاربەدەستی ئێستەیش دەدۆڕێن، بەڵام لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری و خنکاندنی میدیای سەربەخۆ و بەکاربردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ لاوازکردنی نەیارەکانی حکوومەت، کێبەرکێی هەڵبژاردن زۆر زۆر نادادپەروەرانەیە.

ڕاستییەكەی دەسەڵاتی ئەردۆغان هەر لاواز دەبێ، تا ئەوکاتەی کاندیدەکانی ئۆپۆزسیۆن بتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، پەراوێزی سەرکەوتنی ئەردوغان بە شێوەیەکی تایبەت، تا ئاستێك بەرتەسکە، چونكە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2023دا ئەردۆغان بە 52%ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەست هێنا. ئەگەرچی هەندێک جار پەنای بۆ ڕێوشوێنی توندوتیژی دەبرد بۆ ئەوەی خۆی و حزبەکەی لە پێشەوە بمێنێتەوە. 

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019، لە ئەستەنبوڵ کاتێک ئیمامئۆغڵو لە کاندیدی پارتەکەی ئەردۆغانی بردەوە، دەسەڵاتداران ئەنجامەکەیان هەڵوەشاندەوە و بە ناچاری دووبارە هەڵبژاردن کرایەوە /تەنیا بۆ ئەوەی ئیمامئۆغڵو بكەوێ، بەڵام دیسان بە جیاوازییەکی گەورەتر سەرکەوت/. 

مەترسیدارترین تاکتیکی ئەردۆغان، گرتنی بەهێزترین ڕکابەرەکانیەتی، لەوانە: سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەو سیاسەتوانە هەڵكەوتووەی کورد کە لە کێبەرکێکانی سەرۆکایەتیی تورکیا لە ساڵی 2014 و 2018 ڕكابەرایەتیی سەختی دەكرد، ئەوەتا لە 2016ـەوە بە تۆمەتی گوماناویی تیرۆر، گیراوە و دووەم بانگەشەی هەڵبژاردنی لە زیندانەوە بەڕێوە برد. 

هەروەها ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سزای گرتنی بەسەردا سەپێندرا لە 2022، بە تۆمەتی سووکایەتیی بە کاربەدستێک، بەڵام لەبەرئەوەی دۆسیەکە هێشتا هەڵپەسێردراوە بۆ تانەدان، سزاکە جێبەجێ نەكراوە و نەیتوانی بێبەشی بكات لە هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی.

ئەردۆغان تەنیا سەرۆکایەتیی ناوێت، بەڵکو ئەستەنبوڵیشی دەوێ

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان چەندان سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی سەربە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی لابردووە و لە شوێنی ئەوان قەیومی داناوە کە كەسێك لە هەڵبژاردن دەرنەچووە و حکوومەت دادەمەزرێنێ. 

لەلایەكی ترەوە، ڕۆژنامەنووسان، سیاسەتوان، چالاکی مافی مرۆڤ، تەنانەت گرووپی بازرگانی باڵای وڵاتەکەیش بوونەتە ئامانجی دۆسیەی ساختەی دادگا، بەڵام گرتنی ئیمامئۆغڵو، پەرەسەندنێکی بەرچاوە. تۆمەتەکانی تیرۆر و گەندەڵی زۆر هەستەوەرن و بەو پێیە دەرەنجامی زۆر گەورەتریان هەیە لە تۆمەتەکانی دۆسیەی هەڵپەسێردراوی ساڵی 2022. بە پێچەوانەی دەمیرتاش کە سەرکردەیەکی جەماوەریی بوو، بەڵام هەرگیز لە کاندیدێکی لایەنی سێیەم زیاتر نەبوو، ئیمامئۆغڵو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بوو لەسەر پۆستی سەرۆك، بۆیە ئەردۆغان بە دوورخستنەوەی ئەم ڕکابەرە لە مەیدانەکە، ئەوەی پێشان دا کە هیچ گرنگییەک بە پاراستنی ڕووبەری ئازادیی ڕکابەری هەڵبژاردن نادات، بەڵکو بەدوای ئەو جۆرە سیستمە دیکتاتۆری و خۆسەپێنەدا دەگەڕێت کە ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی ڕووسیا هەیەتی، /سیستمێک کە هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەی تێدا نەبێت و هیچ سوپرایزێکی هەڵبژاردن ڕوو نەدا/.

ئێستە ئەردۆغان بە شێوەیەکی مەترسیدار نزیک بووەتەوە لەوەی دەیەوێت، ئەویش ڕێگەیەکی هاوشێوەی ئەو ڕێگەیە پێڕەو دەکات کە پووتین لە ڕووسیا گرتیە بەر بۆ ئەوەی بگا پێی. 

دوو دەیە لەمەوبەر، ڕووسیا ئەو خۆسەپێنییە توندوتیژەی ئەمڕۆ هەیەتی، نەیبوو. ئابووری وڵاتەکە لە گەشەکردندا بوو، پووتینیش بە ڕاستی جەماوەری بوو، بۆیە بەرگەی هەندێک دژایەتی گرت و بەشێک لە سیستمی دیموکراسی وەک خۆی هێشتەوە، بەڵام دوای قەیرانی دارایی ساڵی 2008، لەگەڵ وەستانی گەشەی ئابووری و سەرهەڵدانی ناڕەزایی دژی حکوومەت، پووتین بە سەرکوتکردن وەڵامی هەمووانی دایەوە، تا ساڵی 2020 وەک ئیستبدادێکی بێ بەرهەڵستی، دەسەڵاتی خۆی بە تەواوی چەسپاند و هەمواری دەستوور پەسند کرا کە ڕێگەی بە پووتین دا تا ساڵی 2036 لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. 

لەوكاتەوە، ڕژێمەکەی ڕووسیا چووە ناو دۆخێکی خۆسەپێنی ڕەها و کەوتە هەڵمەتی گرتنی نەیاران و دەربەدەرکردن یان بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆن. لە مانگی ئابی 2020دا کارمەندانی کرێملین ئەلێکسی ناڤالنی بەهێزترین نەیاری پووتینیان ژەهراوی کرد، لە هەوڵێکدا بۆ کوشتنی /ناڤالنی لە ساڵی 2024 لە کۆلۆنییەکی سزای ڕووسیادا گیانی لەدەست دا/. 

ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی ڕووسیا تەنیا ڕواڵەتییە، ڕکابەرە ڕاستەقینەکان قەدەغە دەکرێن، بەڵام پووتین چەند نەیارێکی ساختە دیاری دەکات بۆ ئەوەی وەهمی کێبەرکێ دروست بکات. گرنگ دەرەنجامەکەی هەرگیز گومان هەڵناگرێت.

هەروەک پووتین، سەرکوتکردن لەلایەن ئەردۆغانیشەوە توندتر بووە، لەگەڵ کەمبوونەوەی جەماوەرەکەیدا. بازنەکانی هەڵبژاردن، گەنجانی تورکیا، جێی هیوا نەماون و بێ ئومێدییە، زۆر لە گەنجە تورکەکان بەهۆی بێزاری لە سیاسەتە تاکڕەوەکانی ئەردۆغان و نەبوونی دەرفەتی ئابووری، بیر لە کۆچ دەکەنەوە. هاوكات کاردانەوەی ناسیۆنالیستی دژی سیاسەتەکانی حکوومەت کە ڕێگە بە ملیۆنان پەنابەری سوریا دەدات لە تورکیا بژین، لە زیادبووندایە.

ڕەنگە متمانەی ئەردۆغان بە پێگەی خۆی لە ناوخۆدا، لە جێی خۆی نەبێت

گەورەترین سەرئێشەی ئەردۆغان، ئابووریی شەلەلبووی وڵاتەکەیە، تورکیا لە ساڵی 2017ـەوە شەڕی هەڵاوسان و تێکچوونی ئابووری دەکات، دوای ساڵانێک لە سیاسەتی ناجۆر و نانەریتی کە ئەردۆغان پاڵپشتی دەکرد، لە كاتێكدا زۆرینەی ئابووریناسان دەیانگوت قەیرانەکە قووڵتر دەکات، تەنانەت وەزیرێکی نوێی دارایی وازی لە ڕێبازە نەریتییەکە هێنا، بەڵام تا ئێستە نەیتوانیوە ئابوورییەکەی بگۆڕێت. 
گرووپی بازرگانیی پێشەنگی توركیا و کۆمەڵەی پیشەسازیی و بازرگانی، بە ئاشکرا ڕەخنەیان لە بەرنامە ئابوورییە نوێیەکە گرتووە، لە بەرانبەردا ئەردۆغان ئەو گرووپەی بە "تێکدانی حکوومەت" تۆمەتبار کرد. لەم نێوەندەدا زیانی زۆر بەر جەماوەریبوونی ئەردۆغان کەوتووە. 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2024دا، هەرچەندە ئەردۆغان هەموو دەسەڵاتی دەوڵەتی لە بەردەستدا بوو و بەکاری هێنا بۆ سەركەوتنی پارتەکەی، بەڵام "ئاكپارتی" دەسەڵاتدار تووشی گەورەترین شکستی خۆی بوو.

پەرەسەندنی سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن ئەردۆغانەوە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، هەوڵێک بووە بۆ ساڕێژکردنی برینی شکستەکان، ئەوەیش بە واتای وەستاندنی ئیمامئۆغڵو دێت. 

ئەكرەم ئیمامئۆغڵو کەسێکی بوو لە دەرەوەی سیاسەت، پێش ئەوەی لە ساڵی 2019 بچێتە ناو کێبەرکێی سەرۆکایەتیی شارەوانییەوە، بەڵام دامەزراوەی دەوڵەتی تووشی شۆک کرد و کۆتایی بە دەستبەسەرداگرتنی 25 ساڵەی پارتی دەسەڵاتدار لە ئەستەنبوڵ، هێنا. 
پایتەخت بۆ ئەردۆغان شوێنی کاروانی پیشەیی خۆی یوو، سەرەڕای هەوڵە بێووچانەکانی بۆ لابردنی ئیمامئۆغڵۆ لە کورسییەکەی، كەچی لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوویش بە ئاسانی سەرکەوتنی بەدەست هێنایەوە و تەنانەت بانگەشەی خۆی لە دەرەوەی بنکەی عەلمانی تەقلیدی حزبەکەیشی سەلماند. 

ئێستە لەگەڵ ئەوەی پارتەکەی پشتگیری دەكات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی كە بڕیارە لە ساڵی 2028 بكرێت، "ڕەنگە پێشیش" بخرێ، ئیمام ئۆغڵۆ بوو بە ڕکابەرێکی ترسناک بۆ دەسەڵاتی ئەردۆغان.

دیمەنەكانی هەفتەی ڕابردووی توركیا، بە توندی ڕێگریی لە پێشکەوتنی ئیمامئۆغڵۆ دەکەن، چونكە پووچەڵکردنەوەی بڕوانامەکەی بێبەشی دەکات لە کاندیدی بۆ سەرۆکایەتیی تورکیا و تۆمەتی تیرۆریش لە سەرۆکی شارەوانی دووری دەخاتەوە.

كەواتە ئەردۆغان تەنیا نایەوێت سەرۆکایەتییەکەی مسۆگەر بێ، بەڵكو دەیەوێت ئەستەنبوڵیش وەربگرێتەوە. دۆڕاندنی شارەکە بە ئۆپۆزسیۆن لە ساڵی 2019دا نەک هەر پاشەکشەی سیاسی بوو، بگرە گورزێکی داراییش بوو بۆ ئاكپارتی و دەستی ئەردۆغانی بڕییەوە لە سەرچاوە داراییە فرەوانەکانی پایتەخت، کە دەیان ساڵ بوو تۆڕی لایەنگری پاڵپشتیی دارایی ئۆردوغان بوو. 

وەرگرتنەوەی ئەستەنبوڵ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی دەزگا سیاسییەکەی لە کاتی سەختی ئابووریدا کار بکات، لابردنی سەرۆکی شارەوانی ڕێگە بە ئەردۆغان دەدات، قەیوم لە شوێنی ئیمامئوغلۆ دابمەزرێنێ.

ڕیسکخواز

ئەردۆغان یارییەکی مەترسیدار و پراکتیکی دەکات، ئەگەر سەرکەوتوو بێت، ئەوا بەرەو هەڵبژاردنی داهاتوو دەڕوات بەرانبەر بە نەیارێک کە خۆی هەڵیدەبژێرێ، بە شێوەیەکی کاریگەر دەسەڵاتەکەی بۆ هەتا هەتایە مسۆگەر دەکات. 
ئەم دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتە، ئەوە پێشان دەدات کە دەتوانێت بەبێ بەربەست هەموو شت بکات، لەوانەیە ڕاست بکات، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و دامەزراوە سیاسییەکان ئامرازی سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەویان لا نییە، هەرچەندە زۆرینەی خەڵکی تورکیا تووڕەن، بەڵام خەڵک هەستیش دەکەن ئامرازێکی کەمیان بەدەستەوەیە بۆ بەرەنگاریی سەرۆک. 

دواینجار کە ئەردۆغان ڕووبەڕووی ناڕەزایی جەماوەری بووەوە، ساڵی 2013 بوو، دەوڵەت بە شێوەیەکی دڕندانە وەڵامی دایەوە و هێزە تەناهییەكان چەند کەسێکیان کوشت و هەزاران کەسیان بریندار کرد و گرتنی بە کۆمەڵ جێبەجێ كرا. لەوکاتەوە، ئەردۆغان سەرکوتی گردبوونەوە گشتییەکان دەکات، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی جارێکی تر خۆپێشاندان ناگاتەوە هەمان قەبارە.

هەروەها سەرۆکی تورکیا کەڵک لە ژینگەیەکی نائاسایی ڕێگەپێدراوی نێودەوڵەتی وەردەگرێت و گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆشکی سپی، بوێری بە ئەردۆغان داوە، چونكە ئێستە لە تۆڵەسەندنەوەی ئەمەریکا ناترسێت. 

ئێستە کە ترەمپ چالاکانە دیموکراسی ئەمەریکا تێک دەدات و ئارەزووی بۆ لێپرسینەوە لە دیکتاتۆرە بیانییەکان نییە، هەروەها دەستپێسخەرییەکانی ترەمپ بۆ پووتین كە سەرکردەکانی ئەوروپای نیگەران کردووە و ناچاریان دەکات پێوەندی لەگەڵ تورکیادا دروست بکەنەوە، بەو هیوایەی بەرگریی دژی دەستدرێژی ڕووسیا بەهێزتر بکەن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئامادەیشن چاوپۆشی لە قووڵبوونەوەی دیکتاتۆریەتی ئەردۆغان بکەن، ئەگەر دەستەبەری پشتیوانیی ئەنقەرە بكەن بۆ بەرگریی ئەوروپا بەراتبەر بە ڕووسیا.

بەڵام ڕەنگە متمانەی ئەردۆغان بە پێگەی خۆی لە ناوخۆدا لە شوێنی خۆیدا نەبێت، چونكە دواینجار کە هەوڵی دا ئیمامئۆغلۆ پەراوێز بخات، کاردانەوەی بەرچاوی لێکەوتەوە. دووبارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانی ئیستەنبوڵ بە زۆرەملێ کە ئیمامئۆغڵو لە گەڕی یەکەمدا بە جیاوازییەکی کەم سەرکەوت، زۆر لە دەنگدەرانی تووڕە کرد و بە دەستوەردانێکی ناڕەوایان زانی، بۆیە لە دەنگدانی دووەمدا ئیمامئۆغڵۆ بە جیاوازییەکی گەورەتر سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بوو بە گەورەترین خاوەن دەنگ لە ماوەی دەیان ساڵدا لە مێژووی سەرۆکایەتیی شارەوانی ئەستەنبوڵ.

لەوەیش گرنگتر، ڕەنگە ئەردۆغان ئاواتەخوازی ئەوە بێت وەک پووتین بێت، بەڵام تورکیا ڕووسیا نییە، بە پێچەوانەوە ڕووسیا لەسەر سامانی سەرچاوە سروشتیییە زۆرەکەی گەشە دەکات، بەڵام ئابووری تورکیا بە قووڵی وابەستەی وەبەرهێنانی بیانییە. وەبەرهێنەران لە ئێستەوە هەڵدێن، بەهۆی هەڵکشانی تاکڕەوی و دیکتاتۆرییەتی وڵاتەکە و خلیسکانی ئەنقەرە بۆ ناو ئیستبدادی تەواو. 
ئابووری تورکیا نووقم بووە لە قەیران، تەنانەت پیاوێکی بەهێزیش ناچار دەبێت دەرئەنجامی ئابووری بە دەستەوە بدات، بۆ ئەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە.

غۆنول تۆل

21ی ئاداری 2025 
غۆنول تۆل بەڕێوەبەری پرۆگرامی تورکیایە لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نووسەری کتێبی "جەنگی ئەردۆغان: خەباتی پیاوێکی بەهێز لە ناوخۆ و لە سوریا"یە.

سەرچاوە  فۆرن ئەفێرز
وەرگێرانی: ڕامیار محمود



وشە - تایبه‌ت