تۆمەتەکانی گەندەڵی دژی ڕکابەرەکەی ئەردۆغان، پشێوی سیاسیی ناوەتەوە و دەبێتە هۆی وروژاندنی کۆچکردن بۆ بەریتانیا و ئەوروپا، قاچاخچییەکانی تورکیا کە بنکەکانیان لە تورکیایە، خۆیان بۆ بەرزبوونەوەی خواست لە سەریان ئامادە دەکەن، بەهۆی پەرەسەندنی پشیوی سیاسی؛ خەڵک ناچارن لە وڵاتەکە هەڵبێن بۆ ئەوروپا و بەریتانیا.
ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ، سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ و ڕکابەری سەرەکیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕۆژی چوارشەم بە تۆمەتی گەندەڵی و هاوکاریکردنی تاقمە تیرۆریستییەکان گیرا، تەنیا چوار ڕۆژ پێش ئەوەی بڕیاربوو ناوی وەک کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ساڵی 2028 دەستنیشان بکرێت.
هەروەها بڕوانامەی زانکۆیی سەرۆکی شارەوانیی تەمەن 53 ساڵ لەم هەفتەیەدا پووچەڵ کرایەوە بەهۆی ناڕێکییەکی گوماناوییەوە کاتێک لە دامەزراوەیەکەوە بۆ دامەزراوەیەکی تر گواستراوەتەوە. ئەمەش وای لێدەکات لە خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتیی تورکیا بێبەش بێت، پۆستێک کە پێویستە کاندیدەکان خوێندنی باڵایان تەواو کردبێت.
هەنگاوەکانی دژی ئیمام ئۆغڵۆ بووەتە هۆی گەورەترین ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵدا، سەدان هەزار کەس ئەمە بە گرتنێکى نادادپەروەرانە و نادیموکراسیبانە دەزانن، ڕێپێوانیان کردووە.
پۆلیس بە لێدان و گازی فرمێسکڕێژ وەڵامی داوەتەوە، لە ڕۆژی پێنجشەمەوە کە ناڕەزایەتییەکان دەستی پێ کرد، تا ئێستا 400 کەس گیراون. سەرەتای هەفتەکە 100 کەسی تر بە هەمان تۆمەتی ئیمام ئۆغڵۆ گیران.
یەکێک لە قاچاخچییە بەناوبانگەکان کە خەڵکی تورکیایە و سەرۆکایەتی تۆڕێکی فراوان دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا تا بەریتانیا و ئەمەریکا درێژ دەبێتەوە، دەڵێت: "لەم ڕۆژانەدا چاوەڕێی ئەو تورکانە دەکەین کە دەیانەوێت بپەڕنەوە".
بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت، ڕازی بوو بە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ ڕۆژنامەی تەلەگراف، ناوبراو بە ئاماژەدان بە دڕندەیی پۆلیس بەرانبەر بە خۆپیشاندەران، کە دیمەنەکانی لە تەلەفزیۆنی ناوخۆیی و سۆشیال میدیاوە پەخش کراون، گوتی، "ئەم ناڕەزایەتییانە کاریگەرییان لەسەر مافە مرۆییەکانی گەلی تورک هەیە".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو تورکانەی دەپەڕنەوە بۆ ئەوروپا و بەریتانیا، دەتوانن ئاماژە بە وێنەی خۆیان بکەن لەم ناڕەزایەتییانەدا کە لە میدیاکاندا بڵاو بوونەتەوە، کە لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، وەک بەڵگەیەک بۆ ئەوەى کە لە رووی سیاسییەوە سەرکوت کراون".
هەروەها ناسەقامگیریی سیاسیی تورکیا کاریگەریی لەسەر ئابوورییەکەی هەیە کە هەر خۆی ئابورییەکەی لە قەیران دایە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ خواستی زۆرێک لە خەڵک بۆ هەڵهاتن و پەنابردن بۆ قاچاخچییەکانی خەڵک. لەم هەفتەیەشدا لیرەی تورکی دابەزی بۆ نزمترین ئاست و بازاڕەکانی بۆرسە چەندان جار لە بازرگانیکردن وەستان.
لە ساڵی 2022 بەدواوە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە تورکانەی کە بە بەلەمی بچووکەوە دەگەنە بەریتانیا زیادی کردووە، ئێستە بە تێکڕا زیاترە لە 2000 کەس لە ساڵێکدا، بەپێی شیکارییەکانی تەلەگراف بۆ داتاکانی حکومەت.
هاتنی هاووڵاتیی تورکیا بە بەلەمی بچووک لە ساڵی 2023 گەیشتە لووتکە، کاتێک 3058 کەس ئەو پەڕینەوەیان ئەنجام دا، کە سێیەم گەورەترین ژمارەیە وەک نەتەوە و ساڵی ڕابردووش تورکەکان هەشتەم گەورەترین گرووپ بوون. ئایا حکوومەتەکانی ڕۆژئاوا فشار دەخەنە سەر حکوومەتی تورکیا لەسەر گرتنى ئیمام ئۆغڵۆ، و مامەڵەکردنی دەسەڵاتداران لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان؟ ئەوە شتێکە هێشتا ماوە بزانرێت.
سەرچاوە:تەلەگرافی بەریتانی