ئێران ملكەچی ترەمپ دەبێت؟

:: PM:07:10:25/03/2025 ‌

لە دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كۆشكی سپی، جیاوازی لە سیاسەتەكانی دەرەوەی ئەمەریكا، وەك شێواز و ئامرازەكانی گەیشتن بە ئامانجەكان، كە رەنگە هەمان ئامانجی ئیدارەكانی پێشتری واشنتن بن گۆڕاوە، بەم دواییە ترەمپ پەیامێكی ئاراستەی سەركردەكانی ئێران كرد و دوو مانگی بۆ رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی بۆ دیاری كردن، ئەوانی لە نێوان رێككەوتن و بژارەی سەربازی سەرپشك كرد، بەڵام تا چەند ئێران ملكەچی خواستەكانی واشنتن دەبێت؟

دوایین پەیامی ترەمپ بۆ سەركردەكانی ئێران دۆخەكەی بەرەو قۆناغێكی تری پەرەسەندن لە ناوچەكە برد، ئێستە ئەمەریكا لە پێگەیەكی بەرگرییەوە لە سەردەمی جۆ بایدن بۆ پێگەیەكی هێرشبردن و بژارەدانان بۆ نەیارانی گۆڕاوە، لەسەر ئەو بنەمایە دەستی كردووە بە گوشاری راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بۆ سەر میلیشیاكانی ئێران و خودی تاران، رەنگە هەر ئەوەش وای كردبێت هەفتەی رابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی بەغدا بكا و پەیامی نوێ بگەیەنێتە میلیشیاكان.

ئێران تا گەیشتنی دەستی بە چەكی ئەتۆمی، زۆر بە جوانی كارتەكانی دەستی بەكار دێنێت، سیاسەتەكانی لە نێوان توندی و نەرمینواندن ئاڵوگۆڕ پێ دەكات و ناوە ناوە كاردانەوەی سەركردەكانی ئەمەریكا لە رێگەی میلیشیاكانییەوە پێوانە دەكات، كە ئێستە حوسییەكانی یەمەن ئەو رۆڵە دەبینن و خۆیان لەژێر بۆردمانی سەختی راستەوخۆی ئەمەریكادا دەبیننەو، میلیشیاكانی عێراقیش لە بینینی ئەو رۆڵە بە دوور نین، بەڵام ئێران نایەوێ دۆخی عێراق وەك ئەوەی سووریا تێك بچێت و رژێمی دەسەڵاتی لە شیعەوە بۆ سوننە بێتە گۆڕین، چونكە لە رووی ئابووری و دارایی و دۆلار و قاچاغی نەوتەوە بە تەواوەتی پشت بە عێراق دەبەستێت.

بەپێی شارەزا و میدیاكان قائانی لە بەغدا داوای لە میلیشیاكان كردووە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و گوێڕایەڵیی شێوەیی و قۆناغیی حكوومەتی عێراقی، جیا لە ئاراستەكردنی هێزە سیاسییە شیعەكان و یەكخستنیان بەر لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لەناو بوونی پێشبینیی سوپرایزی رازیبوونی بە داواكەی ترەمپ و دەست پێكردنی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی، ئەوەش بە پێچەوانەی لێدوانی سەركردەكانی ئێران.

موجاشیع تەمیمی توێژەری سیاسی دەڵێت، هەڕەشەكەی سەرۆكی ئەمەریكا و دیاریكردنی دوو مانگ بۆ ئێران بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی، ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنێكی مەترسیدار لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، چونكە ئەمەریكا وای دەبینێت ئێران گەیشتووەتە قۆناغێكی مەترسیدار لە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم، بە رێژەی 60% و تەنیا 30%ی ماوە دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات.

روونی كردەوە، هاوكات رەنگە ئەو رەوتەی كاركردنەی ترەمپ وا لە ئێران بكات هەنگاوەكانی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی خێراتر بكات، كە هەر ئەوەش وا دەكات ئەمەریكا گوشارەكانی لەسەر تاران زیاتر بێت، ئەو دۆخەش ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ و ململانێی سەربازی زیاتر دەكات بە شێوەیەك هەڕەشە بخاتە سەر سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دنیا چاوەڕوانی وڵامی ئێرانە، كە رەنگە بۆ هەموان كتوپڕ بێت و بە گفتوگۆ رازی بێت، ئەوەش بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری و سەربازی و گوشارەكانی سەری.

ئەو توێژەرە پێی وایە نكووڵیكردنی بوونی پێوەندی بە میلیشیاكان لە ناوچەكە لە لایەن عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە دوای گورزەكان ئەمەریكا بۆ حوسییەكان و بەر لەویش بۆ حزبوڵای لبنانی و رووخانی بەشار ئەسەد دێت، لە لایەك بۆ دوورخستنەوەی تۆمەتی پاڵپشتیكردنیان و سووككردنی سزا و گوشارەكانی بەو هۆیەوە خراونەتە سەری، لە لایەكی تر پاراستنی میلیشیاكانی عێراق لە چارەنووسێكی هاوشێوەی حوسییەكان و عێراقیش لە چارەنووسێكی هاوشێوەی سووریا.

سەبارەت بە هۆكاری سەردانەكەی قائانی بۆ عێراق تەمیمی پێی وایە سەردانەكە رەهەندی سیاسی و سەربازی هەیە، بۆ دانانی پلانی داهاتوو بۆ میلیشیاكان و یەكخستنی هێزە سیاسییە شیعەكان بەر لەهەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، بۆ سەقامگیركردنی پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە كە ئەوان بەڕێوەی دەبەن.

تەمیمی ئاماژە دەكات، بەپێی راپۆرتەكان ئەگەری هەیە ئەمەریكا گوشار بخاتە سەر حكوومەتی عێراقی بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان و یەكخستنیان لەگەڵ هێزە فەرمییەكانی عێراق، یان وەشاندنی گورزی سەربازی لە بارەگە و سەركردەكانیان، بۆیە پێ دەچێت ئێران لەگەڵ هێوركردنەوەی دۆخەكە بێت و لە سەردانەكەی هەفتەی رابردووی قائانی باسی ئەوە كراوە پاڵپشتی لە هێوربوونەوە و گوێڕایەڵیی میلیشیاكان بۆ بڕیارەكانی حكوومەتی عێراق لەبارەیانەوە دەكات، بەوەش هەڕەشەكانی سەریاز كەمتر دەبێت.

ئەو توێژەر ئاماژە دەكات، بۆیە مەبەستی سەردانەكەی فەرماندەی فەیلەقی قودس بەهێزكردنی هاوئاهەنگیی نێوان میلیشیاكان و حكوومەتی عێراقە بۆ یارمەتیدانی بەغدا و پاراستنی دۆخی تەناهییەكەی و پاراستنی لە ئەگەری درێژبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بۆ ئەو وڵاتەش، چونكە عێراق بۆ ئێران وەك سیەكان وایە و بۆ شكاندنی گەمارۆ و سزاكانی ئەمەریكا پشتی پێ دەبەستێت، ئەگەرچی تا ئێستە ئەمەریكا لەسەر لێپرسینەوە و سزادانی ئێران سوورە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل