گەنجینەی ئەمەیكا سزای نوێ بەسەر ئێران دەسەپێنێت

:: PM:07:32:25/03/2025 ‌

گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بۆ ناچاركردنی بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی بەردەوامە، جیا لە هەڕەشە و گوشارە ناراستەوخۆ سەربازییەكان و پەیامەكان بۆ سەركردەكانی ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لە سەپاندنی سزا بە پاساوی جیاواز بەسەر ئەو وڵاتە بەردەوامە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای خستە سەر سێ ئەفسەری وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایشی ئێران، ئەوەش بە پێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ سێشەم لە ماڵپەڕی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا هاتە بڵاوكردنەوە، بەهۆی گومانی بوونی پێوەندییان بە مردنی رۆبەرت لیفنسۆن كارمەندی پێشووی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی كە لە 2007 ون بوو. 

ئەو هەنگاوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا پێنجەم گەڕی سزاكانە لەسەر كەرتی نەوتی ئێران لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە مانگی شوباتی رابردوو واژووی لەسەر فەرمانێك بۆ پیادەكردنی سیاسەتی ئەوپەڕی سزاكان لەسەر تاران بۆ بەسفركردنی هەناردنی نەوتەكەی كرد، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ترەمپ بۆ رێگرتن لە گەیشتنی دەستی تاران بە چەكی ئەتۆمی لە رێگەی واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی. 

هەفتەی رابردوو ئەمەریكا واژووی لەسەر سزای نوێ پێوەست بە ئێران كرد، كە ژمارەیەك كەس و دامەزراوە و كۆمپانیا و كەشتی گرتەوە، لەوانە پاڵاوگەیەكی نەوتی چینی كە نەوتی ئێران دەكڕێت، لە 13ی ئەم مانگەش سزا خرایە سەر موحسین پاكنەژاد وەزیری نەوتی ئێران و ژمارەیەك كەشتی كە ئاڵای هۆنگ كۆنگیان هەڵگرتووە و یارمەتی ئێران دەدەن لە شكاندنی سزاكان و گواستنەوەی نەوتەكەی بۆ بازاڕەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل