بڕیار بوو ئەمشەو چوارشەم، 26ی ئاداری 2025، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی ساز بكات، كارنامەی دانیشتنەكە لە حەوت بڕگە پێکهاتبوو، لەوانە دەنگدان لەسەر بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە و دووەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای راژە و خانەنشینیی حەشدی شەعبی، بەڵام دوای چەند سەعاتێك بەهۆی تەواونەبوونی رێژەى یاسایی كۆبوونەوەكە بۆ جاری دووەم تا كاتێكی نادیار دواخرا.
دواخستنی دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە شیعەكان دەیانەوێ شارۆكەی تەلەعفەر، كە زۆرینەی شیعەنشینە بكرێتە پارێزگا و سوننەكانیش شارۆكەی فەلوجە، ئەگەرچی بەم دواییە راپۆرتەكان ئاماژەیان كرد كە هەوڵێك هەیە هەرسێ پڕۆژەیاسای راژە و خانەنشینیی حەشدی شەعبی و بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە و هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێپرسینەوە و دادوەری بە یەك پاكێج تێپەڕ بكرێن.
لای خۆشییەوە فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەمشەو رایان گەیاند، بەشداری لە هیچ كۆبوونەوەیەكی تری پەرلەمانی عێراق ناكەن ئەگەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەنگی لەسەر نەدرێت. لەمبارەیشەوە "نوخشە ناسیح" پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای لە هێزە عێراقییەكان كرد ئەم بابەتە بە سیاسی نەكەن و هەوڵ بدرێت رێككەوتنی لەبارەوە بكەن.